"پێش كۆتاهاتنی رەمەزان جارێكی تر باران دەبارێت"

:: PM:11:42:29/03/2024 ‌
واسق سەلامی شارەزای كەشناسیی عێراقی رای گەیاند، پێش كۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان، شەپۆلێكی تری باران عێراق دەگرێتەوە و ئاماژەیشی كرد كە لە چەند رۆژی داهاتوودا پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە. 

ئەمڕۆ هەینی 29ی ئاداری 2024، واسق سەلامی شارەزای كەشناسی عێراق لە پێگەی كۆمەڵایەتی فەیسبووكی تایبەت بەخۆی بڵاوی كردەوە، كەشوهەوایەكی باراناوی پێشبینیكراوە پێش كۆتایی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، ئەگەری بارانەكەیش تەواوی پارێزگا و شارەكان دەگرێتەوە. 

لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمایشەوە ئاماژەی داوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهۆی زاڵبوونی سیستمی بەرزەهەوا و دەركەوتنی هەور لە بەرزایەكی زۆرەوە، كەشوهەوا جێگیری بەخۆیەوە دەبینێت و هاوكات پلەكانی گەرمایش بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە. 

سەلامی دووپاتی كردووەتەوە، وردە وردە و لە سەرەتای هەفتەی نوێوە، پلەكانی گەرما 30 پلە تێدەپەڕێنن تا دەگەین بە ناوەڕاستی هەفتە و لای خۆشییەوە ماڵپەڕە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە كەشوهەوا نیشانی دەدەن كە لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق لە سبەیەوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە و لە بەشێك لە پارێزگاكانی باشوور30 پلەیش تێپەڕ دەكەن.


وشە - پۆڵا مەحموود