"نوێژی‌ سیاسی" وه‌ك بانگه‌شه‌ و جووڵاندنی‌ سۆزی‌ خه‌ڵك

:: PM:03:16:30/03/2024 ‌
به‌ دیاریكراوی‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ نه‌ریتێكی‌ تر به‌شێك له‌ به‌رپرس و سیاسییه‌كانی‌ كوردستانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش پێشاندانی‌ نوێژه‌كانیانه‌ له‌ ڕێی‌ راگه‌یاندنه‌كانیانه‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ به‌دواداچوونه‌كانی‌ "وشه‌"، ئه‌و حاڵه‌ته‌ زیاتر ئه‌و به‌رپرسانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی‌ ئاساییدا له‌ خه‌ڵك دوورن.

نوێژی‌ سیاسیی جیا له‌وه‌ی‌ زیاتر به‌رپرسه‌ حزبییه‌كانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ندێك جار به‌رپرسه‌ ئیدارییه‌كانیش به‌هۆی‌ تێكه‌ڵبوونیان له‌ خه‌ڵك، پێچه‌وانه‌ی‌ سیاسییه‌كان رووبه‌ڕووی‌ ئه‌و پێشاندانه‌ ده‌بنه‌وه‌. 

له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابردوودا، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی‌ جووڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌، زۆرترین ده‌ركه‌وتنی‌ له‌ كاتی‌ نوێژكردندا هه‌بووه‌، زۆربه‌ی‌ كاته‌كانیش له‌ مانگی‌ ره‌مه‌زاندا بووه‌.

به‌شێك له‌ چاودێرانی‌ سیاسی پێیان وایه‌، به‌هۆی‌ بێ‌ متمانه‌یی‌ شاسوار عه‌بدولواحید به‌ كاره‌كانی‌ و سیاسه‌ته‌كه‌ی‌، ده‌یه‌وێ‌ به‌ هه‌موو رێیه‌ك وه‌ك كه‌سێكی‌ دڵسۆز و خواناس بچێته‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌. هاوكات ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ شاردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و فه‌زاحه‌تانه‌یشی‌ كه‌ له‌سه‌ریه‌تی‌.

دوای‌ شاسوار عه‌بدولواحید، عه‌لی‌ باپیر سه‌رۆكی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ به‌ پله‌ی‌ دووه‌م دێت كه‌ زۆرترین وێنه‌ و ڤیدیۆی‌ له‌ كاتی‌ نوێژدا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌. 

عه‌لی‌ باپیر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سێكی‌ ئیسلامییه‌ و رابه‌رایه‌تیی‌ ره‌وتێكی‌ ئیسلامی‌ ده‌كات، به‌ڵام "نوێژ" وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی‌ سیاسی و به‌كارهێنانی‌ سۆزی‌ خه‌ڵكی‌ به‌كار ده‌هێنێ‌. 

هاوكات لاهوور شێخ جه‌نگی‌ كه‌ ئێسته‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ ره‌وتێكی‌ سیاسیی ده‌كات، ده‌ركه‌وتنی‌ له‌ مزگه‌وت و پرسه‌كاندا هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌وه‌یشدا دوێنی‌ هه‌ینی‌ له‌ كاتی‌ وتاری‌ هه‌ینی له‌ یه‌كێك له‌ مزگه‌وته‌كانی‌ سلێمانیدا، له‌ كاتی‌ /نوێژ/ وێنه‌ی‌ بڵاو كرایه‌وه‌. 

لاهوور شێخ جه‌نگی‌ پێشتر هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بوو، به‌ كه‌سێكی‌ تێكه‌ڵ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناسرابوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا، به‌ڵام پێده‌چێ‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ له‌ كاتی‌ نوێژدا، پێوه‌ندیی‌ به‌ راكێشانی‌ سۆزی‌ جه‌ماوه‌ره‌ هه‌بێت بۆ ره‌وته‌ نوێیه‌كه‌ی‌. 

لاهوور شێخ جه‌نگی‌ وای‌ پێشان ده‌دات له‌ سلێمانی‌ ئه‌و جیاوازتره‌ له‌ ئامۆزاكه‌ی‌ كه‌ بافڵ تاڵه‌بانییه‌ و ئێسته‌ سه‌رۆكی‌ یه‌كێتییه‌، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و نوێژه‌ به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ گوت، تێبینی‌ بكه‌ن كه‌ من وه‌ك ئامۆزاكانم نیم، كاتێك ئه‌وان قسه‌ی‌ زۆر و دوور له‌ ئاینییان له‌سه‌ر ده‌كرێ‌.
 
له‌ ئاستی‌ ئیداریدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ به‌رپرسانی‌ ئیداری‌ به‌ ئه‌ركی‌ خۆیانی‌ ده‌زانن تێكه‌ڵاوی‌ كێشه‌ی‌ خه‌ڵك بن، به‌ڵام كه‌مترین ده‌ركه‌وتنیان له‌ كاتی‌ نوێژدا هه‌بووه‌، جگه‌ له‌ ئومێد خۆشناو پارێزگاری‌ هه‌ولێر، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێكه‌ڵاوی‌ ته‌واوی‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌بووه‌، بۆیه‌ چه‌ندان جار له‌ مزگه‌وت و له‌ كاتی‌ نوێژدا ده‌ركه‌وتووه‌.

"وشه‌" له‌وباره‌یه‌وه‌ پرسیاری‌ له‌ زیره‌كی‌ ده‌ستكرد كرد كه‌ بۆچی‌ سیاسییه‌كان نوێژه‌كانیان له‌ میدیاوه‌ پێشان ده‌ده‌ن؟ له‌ به‌رانبه‌ردا وه‌ڵامی‌ داوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ‌، هه‌ندێك كه‌س پێیان وایه‌ ده‌ركه‌وتنی نوێژكردنی سیاسییه‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی لایه‌نێكی ئاین یان به‌ها ئاینییه‌كان نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، ڕه‌نگه‌ وه‌ك نیشانده‌رێكی خۆبه‌زلزانین بێت. له‌ كاتێكدا هه‌ندێكی تر پێیان وایه‌ ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ ده‌توانێت ستراتیجییه‌كی سیاسی بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی گشتی یان بۆ ناردنی په‌یامێكی دیاریكراو.



وشە - وشه‌