ئەمڕۆ و سبەی موزیك و گۆرانیی كوردی ڕووسیا دێنێتە جۆش

:: AM:10:19:31/03/2024 ‌
گرووپی "با موزیك" لە هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە ڕووسیا، ئەمڕۆ لە شاری یارەسلاڤڵ یەكەم كۆنسێرتی هونەریی خۆیان ساز دەكەن، بڕیاریشە سبەی لە مۆسكۆ كۆنسرێتێكی تر بەڕێوە بەرن.

گرووپی "با موزیك" لە 11 ئەندام پێكهاتووە، هەشت كوڕ و سێ كچ، گرووپەكە 13 سترانی ڕەسەنی كوردی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لەم كۆنسێرتانەی یارەسڵاڤل و مۆسكۆ پێشكەشیان بكات.

بێكەس نووری سەرپەشتیاری "با موزیك" رای گەیاند، گرووپەكەیان ئامێری كوردەواری وەك باڵەبان، دودوك، قانوون، عوود، تەنبووری كوردی و گیتار و كەمان و سەنتوور، بە گرووپی كۆڕاڵ  گۆرانی و ئاوازی رەسەنی كوردی دەچڕن.

سەرپەشتیاری گرووپی "با موزیك" باسی لەوە كرد، چەندان گرووپی هونەری سیڤیی خۆیان پێشكەشی كۆنسێرڤاتۆریای چایكۆڤسكی لە مۆسكۆ كردووە، بەخۆشحاڵییەوە گرووپی "با موزیك" ڕەزامەندیی لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەدەست هێناوە و بەفەرمی لەلایەن كەنسێرڤاتۆریاوە داوەت كراون بۆ ئەنجامدانی چەندان چالاكی هونەری و سازدانی دوو كۆنسێرت.

ئاماژەی بەوەش دا، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا موزیكژەنی ناوداری عێراقی مونیر بەشیر، بۆ كەنسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی بانگهێشت كراوە، لەوكاتەوە تا ئەمڕۆ هیچ گرووپێك نەیتوانی رەزامەندیی ئەم كەنسێرڤاتۆرە بەدەست بهێنێت، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە گرووپەكەمان "با موزیك" توانی متمانەی كەنسێرڤاتۆرەكە بەدەست بهێنێت.

ئەم چالاكییە بە هاوكاری و پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری دهۆك بەڕێوە چووە، ئامانج لێی هونەر و موزیكی كوردی بە گەلانی تر بناسێنێت.



وشە - سۆران عەزیز