موفتییەكەی میسر: ئەگەر گورچیلەتان نەخۆشە دەتوانن هی بەراز بچێننەوە

:: PM:08:36:31/03/2024 ‌


وا دیار د. عەلی جومعە، موفتیی پێشووی میسر، بەردەوامە لە فەتوا جێی مشتومڕەكانی لە مانگی ڕەمەزاندا و ئەم جارە بە فەتوایەكی تری جێی سەرنج موسڵمانانی بەسەر دوو بەرەی هاوڕا و دژدا دابەش كردووە، ئەویش حوكمی چاندنەوەی گورچیلەیە لە بەرازەوە بۆ مرۆڤ.

ئەو موفتییە لە بەرنامەی "نور ئەلدین"ـدا كە لە كەناڵێكی میسری پەخش دەكرێت، گوتی: بەلای كۆدەنگیی زانیایانەوە، بەراز پیسە و خواردنی حەرامە، بەڵام ئیمامی مالیك دەڵێت هەموو شتێكی زیندوو پاكە.

درێژەی دەداتێ، پاراستنی ژیانی مرۆڤێك، بە پارچەیەك لە ئاژەڵێك تەنانەت ئەگەر بەرازیش بێت و ببێتە هۆی ئەوەی تەندروستیی ڕێك بكاتەوە، هیچ گرفتێكی تێدا نییە، ئەمەش سنووربەزاندی كەس نییە و بە دەقی قورئانیش دروستە.

ئینجا دەقی ئایەتەكە دەهێنێتەوە كە خوای گەورە دەفەرموێت: "فمن اضطر غير باغ ولا عاد فلا إثم عليه". ئینجا موفتیی پێشووی میسر دەڵێ، ئایا ئەگەر بە ئەندامێكی ئاژەڵێك مرۆڤێك زیندوو ببێتەوە، ستەمە یان داوێنپیسییە؟ نەخێر. ئێ بەڵام بە دەقی ئەو ئایەتە، مرۆڤ ئەگەر ناچار بوو، دەتوانێت ئەو شتانەش بكات.

شێخ عەلی جومعە هەر لەم ڕەمەزانەدا چەند جارێكی تر بە فەتوا و بۆچوونەكانی موسڵمانانی تووڕە كرد، وەك ئەوەی لە ئەڵقەیەكی پێشتردا گوتی، ئەو چیرۆكەی بیستوومانە گوایە حەوا داوای لە ئادەم كردووە لە سێوی دارەكە بخوات كە فریودانی شەیتان بووە و لە ئاكامدا هەردووكیان لە بەهەشت دەركراون، دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵكوو چیرۆكە ڕاستییەكە ئەوەیە هەردووكیان پێكەوە لە بڕیاری خواردنی سێوەكە بەشدار بوون و پێكەوەش دەركراون.

پێشتریش لە وەڵامی پرسیارێكدا گوتبووی: هۆشداریی منداڵەكانتان بن لە سۆشیاڵ میدیا و با ئالوودەی نەبن. پاشان پێم بڵێن ئەوە منداڵێكتان خستەوە، دوو وتمان قەینا، بەڵام بەخوا سێ زۆرە و ناتوانن لەم سەردەمی سۆشیاڵ میدیایەدا بەخێویان بكەن. بۆ ئەوەی منداڵەكەت بە باشی بەخێو بكەن و بتوانن چاودێریی تەواوی بكەن و مافی خۆی بدەنێ، ئەوا یەك مناڵ بەسە، چونكە لەم سەردەمی فیتنەجۆییەی تێی كەوتووین، هەر یەك منداڵ پەروەردە دەكرێت.



وشە - عەبدوڵا عومەر