"یەكێتی چۆن داوای هەڵبژاردن دەكات ئەگەر پێشوەخت نەزانێت ئەنجامەكانی چین"

:: PM:09:40:31/03/2024 ‌

شارەزا و چاودێران باس لەوە دەكەن كە یەكێتی لەوەتەی هەیە لەگەڵ هەڵبژاردن نییە و نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت، لە دوو خولی رابردووش هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن بووە، ئێستەش كە دەزانێت دەستی دەرەكی بۆ تێكدانی هەرێم هەیە، بۆیە باسی هەڵبژاردن دەكات، كە ئەنجامدانی بەو شێوەیە زیاتر لە بەرژەوەندی دوژمنانە، نەك خەڵك و قەوارەی هەرێم.

كاوە فەتحوڵا، مامۆستای زانكۆیە لەوبارەوە بە "وشە" دەڵێت، ئەو شێوازی هەڵبژاردنەی ئێستە كە بڕیاری لەسەر دراوە، روونە شێوازی دەنگ و كورسیی لایەنەكان چۆن دەبێت، بۆیە یەكێتی پێداگری لەسەر دەكات، چونكە بە فرسەتی دەزانێت و لە بەرژەوەندیی خۆیەتی، ئەگینا حزبێكی وەك یەكێتی لەوەتەی هەیە بەدوای دواخستنی هەڵبژاردن بووە و بیانووی بۆ ئەنجامنەدانی هێناوە، ئاخۆ خێرە ئێستە داوای هەڵبژاردن دەكات و دەڵێت ئامادەم و با بكرێت؟، ئەگەر نەزانێت پێشوەخت ئەنجامەكانی چین و چۆن دابەش كراوە.

زیاتر گوتی، پێویستە لایەنە سیاسییەكان ئەوە بزانن كە دەبێت هەرێمی كوردستان ئامانجی گەورە و باڵای هەموو لایەنە سیاسییەكان بێت، ئەوەی داگای بەناو فیدراڵی كردوویەتی، لە دەرەوەی دەستوورە و پێچەوانەی دەستوورە و نایاساییە، چونكە ئەركی ئەو دادگایە تەنیا ئەوەیە كاری دەستووری بكات، نەك لە بری پەرلەمان یاسا دەربكات و شێوازی هەڵبژاردن دیاریی بكات، لایەنی شیعەش كاریگەریی زۆری لەو پرسەدا هەیە، بە خەیاڵی خۆیان نەخشەیەكیان بۆ كوردستان داناوە بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا داخوازی كورد كەم بكەنەوە و قەتیسی بكەن بۆ ئەوەی مەرامی خۆیان جێبەجێ بكەن، بۆ كوردیش لە داهاتوو هیچ قازانجێكی نییە.

"بابەتەكە رەهەندی نیشتمانی هەیە، پێشتر تەپڵی بۆ لێدەدرا و ئەوانەی كە بیر دەكەنەوە وەك دەستكەوتی حزبی باسی دەكەن، پێویستە هەمووان پێكەوە باس لەوە بكەن كە ئەو بابەتە پێوەندیدارە بە پێگە و ئایندەی هەرێمی كوردستان و سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردسان، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەشداری بكەن و نەخشەیەكی گونجاو بۆ داهاتووی بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دابنرێت، پێم وایە كۆدەنگی پێویستە و كاری گەورەشی دەوێت نەك پێیان وابێت ئەوەی كراوە دەستكەوتە"، كاوە فەتحوڵا، مامۆستای زانكۆ وا دەڵێت.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاریی، كادری پێشكەوتووی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، ئاشكرایە ئەوەی یەكێتی پشتگیری هەڵبژاردن دەكات و خەریكی سنگ دەرپەڕاندنە و دەڵێت دەبێت هەڵبژاردن بكرێ و ئامادەین بۆ هەڵبژاردن، بۆ ئەوەیە كە دەزانێت چی روودەدات و چ پێشهاتێك هەیە، یەكێتی لە ماوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ئەوەی بیانوو و كێشەی ناوخۆیی هەبوو، لە هەرێم هەڵبژاردن ساڵێك دواخرا، ئێستەش دوو ساڵ بەهۆی بیانووەكانی ئەو حزبە هەڵبژاردن دواخرا و ماوەی كاری پەرلەمان لەسەر داوای ئەوان درێژ كرایەوە.

روونی كردەوە، بەس باسی هەڵبژاردن بكرایە یەكێتی بیانووی ئامادەبوو، ئێستەش كە دەزانێت كۆمسیۆن عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەكا و لەگەڵ چەند وڵاتێكی دەرەكی هەموو شتێكیان بڕاندووەتەوە و نەخشەی هەڵبژاردن دیاری كراوە، هاتووە پشتگیری ئەوە دەكات و دەڵێت هەڵبژاردن بكرێت، ئێ یەكێتی لەوەتەی لە بەرەی دژە كوردستان بووە، ئێستەش ئەو هەڵبژاردنە بە دڵی بەرەی دژی كوردستانە، بۆیە دەڵێت لەگەڵ هەڵبژاردنم، بەڵام با بزانێت كە تا یەكێتی ماوە ناگاتەوە نیوەی كورسییەكانی پارتی، كەچی بۆ ئەو قۆناغە پارتی دەیەوێ ئەو دەستە نایاساییە ببڕێت كە دەیانەوێت كوردستان هەڵسوڕێنن و بە ویستی ئەوان بێت.

پێوەست بەو بابەتەوە سۆران هادی، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا دەیەوێ بە هەموو شێوەیەك دەسەڵاتەكانی لە هەرێمی كوردستان بسەپێنێت و بیچەسپێنێت، بۆ هەڵبژاردنی كوردستانیش هەمانشتی كرد، وەك چۆن لە رابردوو هەوڵی دا پێگەی حكوومەتی هەرێم لاواز بكات، ئێستەش دەیەوێ بڕیارەكانی خۆی جێبەجێ بكات، هەندێ بڕیار لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە درا لەبارەی هەڵبژاردن كە هیچكات كار و پیشەی ئەو دادگایە نییە و پەرلەمان هەیە.

دووپاتی كردەوە، ئەو لایەنەشی كە ئێستە دەڵێت با هەڵبژاردن بكرێت و بۆ هەڵبژاردن ئامادەین، هەر ئەو لایەنە كاتی خۆی چەندینجار هەڵبژاردنی دوا خست، ئەگەر ئەو لایەنە هەڵبژاردنی دوانەخستایە، ئێستە دەمێك بوو پەرلەمانی كوردستان لە خولی شەشەمی خۆی بوو.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت