پەرلەمانتارێك: یەكێتی دڵی بە ئامێرەكان خۆشە بۆیە لە خۆشی هەڵبژاردن هەڵدەپەڕن

:: PM:10:13:31/03/2024 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەگەڵ نەیار و دوژمنان دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان رۆڵی گێڕاوە و ئاسانكاری بۆ كردوون بۆ ئەوەی دەسەڵات و پیلانی خۆیان لەناو هەرێم و بەسەر حكوومەت جێبەجێ بكەن، ئێستە لەسەر هەڵبژاردن گەرمە، ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پێی وایە یەكێتی دەزانێت ئێستە ئێران و حەشد دەستیان لە پرۆسەكە تێخستووە و ئامێرەكان لە بەرژەوەندیی خۆیەتی، بۆیە دەڵێت با هەڵبژاردن بكرێت.

یەكێتی ئەو حزبە بووە كە هەردەم لەبەردەم هەڵبژاردن و ئەنجامدانی چۆكی داداوە، ئەگەر بیانووەكانی ئەو حزبە نەبوونایە دەمێك بوو هەرێمی كوردستان بەبێ دەستوەردانی دوژمنان هەڵبژاردنی ئەنجام دابوو، بەڵام پەنابردن بۆ دادگایەكی نادەستووری كە هەر یەكێتی ددانی پێدا دەنێت، چونكە ئەوانیش نایاسایین، وای كرد دوژمنانی هەرێم پیلان دژی هەرێم بگێڕن و دەستوەردان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن و نەخشەی خۆیانی بۆ بكێشن.

ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی دەیەوێ بەو شێوەیەی كە خۆی دەیەوێت بڵێت ئامادەم بۆ هەڵبژاردن، ئێستە هەموو شتێك بە دڵی یەكێتییە، چونكە هەڵبژاردنێك دەكرێت كە بە هاوكاریی دەستی دەرەكی نەخشەی بۆ كێشراوە و دەزانێت پاڵپشتی دەكات، ئەگینا یەكێتی هەمیشە گڵۆڵەی لە هەڵبژاردندا لە لێژی بووە، ماوەی دوو ساڵ یەكێتی بۆ یەك چركەش باسی هەڵبژاردنی نەكرد، هەر لایەكیش باسی هەڵبژاردنی كردبێت ئەو دژی بووە.

زیاتر گوتی، هەموو فراكسیۆنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئاگەدارن كە پارتی داوای كرد كۆمسیۆن كارا بكرێت، هەركات باس بكرایە، سەرۆكی پەرلەمان كە لە یەكێتی بوو، دەبوو ئەو بەرنامەی كاری دیاری كردبا، بەڵام سەرۆكی پەرلەمانی نەیدەكرد و گرفتی دروست دەكرد و لەناو بەرنامەی كار لایدەبرد، ئەو كاتەی پەرلەمان كۆتایی هات داوامانكرد سەرۆكی پەرلەمان ئامادەبێت، بەڵام ئەوەشی نەكرد، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری دا كارا بكرێت، بەڵام یەكێتی نەیكرد.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمان باسی لەوەش كرد، یەكێتی دەزانێت ئێستە ئێران و حەشد دەستیان خستووەتە ناو پرۆسەكە، دەزانێت ئامێرەكان لە بەرژەوەندیی خۆیەتی، بۆیە دەڵێت با هەڵبژاردن بكرێت، با یەكێتی پێمان بڵێت، خێرە دوو ساڵ ئامادە نەبوو بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەوەتەی دادگای بەناو فیدراڵی قسەی كردووە و هەندێك بڕیاری دژی هەرێم داوە ئەو دەڵێت ئامادەین.

"یەكێتی دڵی بە ئامێرەكان خۆشە، وەك چۆن لە حەویجە بە هەمان شێوە ئەو كارەیان كرد، كە بەبێ هیچ دەنگێك یەكێتی وەك شیری سەر ئاگر لە پڕ دەنگەكانی فڕی، ئێستەش دەزانن هەموو شتێكیان بۆ دووبارە دەكرێتەوە، بۆیە لە خۆشی هەڵبژاردن هەر یەكەیان بەجیا هەڵدەپەڕن، پارتیش ناچێتە هەڵبژاردنێك هەر لە سەرەتاوە هەموو شتێك یەكلا كرابێتەوە و بۆ چاوبەستیی خەڵك ناوی بنێن هەڵبژاردن"، ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وا دەڵێت.

پێوەست بەو پرسە هیوا رەشید، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، لە سەرەتاوە نەدەبوو دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان قسە بكات و بڕیار بدات، چونكە تایبەتمەندیی ئەو نییە، هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە پێویستی بە هەڵبژاردنە و نەكراوە، پێویست بوو ئەوكات هەڵبژاردن بكرایە ئەو گرفتانەی ئێستە روویان نەدەدا، ئەوانەشی هەردەم لەبەردەم هەڵبژاردن گرفت بوون ئەو دۆخەی لێ كەوتەوە و ئەنجامەكەی ئەوە بوو كە ئێستە چەند بڕیارێك دراون و رەنگە ئامانجیان بۆ تێكدانی دۆخی هەرێم بێت.

هە لەسەر هەمان بابەت یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی پاڵپشتیی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییان دەكرد و پێیان وابوو ئەو بڕیارانە زۆر باشن، ئەوانە دیارە دژی هەرێمی كوردستان و قەوارەی هەرێم، چونكە هیچ كاری دادگای فیدراڵی نەبوو، دادگای فیدراڵی خۆی نادەستورییە و پێویستی بەوە هەیە دووبارە دابڕێژرێتەوە، چونكە ئەو دادگایەی ئێستە بە جۆرێك پێك نەهاتووە كە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێ بدات.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت