كونسوڵگەی چین لەبارەی شامپۆیەكەوە كە لە بازاڕەكانی هەرێم دەفرۆشرێت راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە

:: PM:12:17:01/04/2024 ‌
لە راگەیەنراوێكی گوتەبێژی كونسوڵگەی گشتیی چین لە هەولێر، لەبارەی بەرهەمێكی شامپۆ بە ناوی "Brimles Herbal-Bubble" كە بووە هۆی زیانگەیاندن و ئاوسانی دەموچاوی هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان، تێیدا هاتووە، ئێمە نیگەرانیی خۆمان بەو رووداوە دەردەبڕین و ئامادەین هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی نیسان، لە راگەیەنراوێكی گوتەبێژی كونسوڵگەی چین لە هەولێردا هاتووە، ئێمە سەرنجمان لەو راپۆرتانە داوە كە لەلایەن هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستانی عێراق بڵاو كراونەتەوە لەبارەی بەرهەمێكی شامپۆیەك، لێرەدا دەمانەوێ هاوسۆزیی خۆمان بۆ بەكارهێنەرانی ئەو بەرهەمە بگەیەنین.

باس لەوەش كراوە، ئێمە نیگەرانیی خۆمان بەو رووداوە دەردەبڕین و ئامادەین هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، بە مەبەستی زانینی سەرچاوە و كەناڵی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری لەبارەی ئەنجامی پشكنینی كوالێتی.

روون كراوەتەوە، كاڵا چینییەكان لەرووی نرخ و كوالێتییەوە زۆر سەرنجڕاكێشن، بۆیە لە ریزی پڕفرۆشترین بەرهەمەكانن لە سەرانسەری دنیادا، هەروەها لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراق زۆر بەناوبانگن. حكوومەتی چین گرنگییەكی زۆر بە كوالێتی و سەلامەتیی كاڵاكانی هەناردەكردنی چین دەدات. فەرمانگەكانی رێكخستنی بازاڕ و گومرگ، بە توندی بڕگە پێوەندیدارەكانی یاسای كۆماری میلیی چین لەبارەی كوالێتی بەرهەم و یاسای كۆماری میلی چین لەبارەی پشكنینی كاڵای هاوردە و هەناردەكردن جێبەجێ دەكەن. بەگوێرەی ئەمانە، پشكنین و چاودێریی كوالێتیی كاڵا بەرهەمهێنراوەكانی چین ئەنجام دەدەن، كوالێتیی ئەو كاڵایانە دەپشكنن كە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرێن.

لە كۆتاییدا كونسوڵگەی چین لە راگەیەنراوەكەیدا دووپاتی لەوە كردووەتەوە، هەر بەرهەمێكی ساختە و خراپ كاتێك پشتڕاست كرایەوە، پێویستە بەخێرایی لە بازاڕ دەربكرێت و لە رێی هەوڵە هاوبەشەكانەوە دەتوانرێت بەرژەوەندی و مافی بەكارهێنەر لە پلەی یەكەمدا بپارێزرێت.

لە ماوەی رابردوودا هاووڵاتییەك لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی بەكارهێنانی شامپۆیەكی تایبەت بە رەشكردنەوەی قژ كە لە چینەوە هاوردە كرابوو، دەموچاوی ئاوسا و زیانی بەركەوت، بەرهەمەكە بە شامپۆی "حەمە ستایل" ناسرابوو.



وشە - رامیار جەواد