هەفتەی داهاتوو گەرم و باراناوی دەبێت

:: PM:05:41:01/04/2024 ‌

پێ دەچێت كەشوهەوای ئەمساڵ جیاواز بێت، لەماوەی رابردوو چەند شەپۆلێكی بەخوڕی باران ناوچەكەی گرتەوە و وایان كرد لە زۆرینەی ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاوێكی زۆر كۆ ببێتەوە، كەشناسێك پێشبینی ئەوە دەكات لە هەفتەی داهاتوو پلەكانی گەرما بەرز ببنەوە و بارانی بەخوڕیش ببارێت.

عەلی جابر زیادی، كەشناس لە پۆستێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، لە ئێوارەی یەكشەمی داهاتوو 7ی نیسان، باران لە زۆرینەی پارێزگاكانی عێراق دەبارێت، هەوری باراناوەی زیاتر چڕ دەبێتەوە و بارانی بەخوڕ لە ناوەڕاست و باكور و هەرێمی كوردستان دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەو كەشوهەوایە پێش دوو رۆژ لە جەژنی رەمەزان دەبێت، لە سێ رۆژی داهاتووش پلەكانی گەرما تۆزێك بەرز دەبنەوە و دەگەنە 30 پلەی سەتی.

لای خۆیەوە سادق عەتییە، كەشناسێكی تر دەڵێت، عێراق بەگشتی چووەتە ناو كەشوهەوای مانگی نیسان، كە مانگی گۆڕانكاریی گەورەی كەشوهەوایە و جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ گەشوهەوای مانگی ئادار نابێت لە رووی گۆڕانكارییەكان، بۆیە گۆڕانكاریی خێرا لە پلەی گەرما و جیاوازبوونی لەنێوان رۆژ و شەو دەبێت، بە رۆژ گەرم و بەشەو سارد و فێنك. 

عەتییە دووپاتی كردەوە كە لەم ماوەیەدا هەوری كەڵەكەبووی زەبەڵاح دروست دەبێت و بارانی بەخوڕی لە هەندێك شوێن لێ دەكەوێتەوە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووش، بەتایبەتی لە رۆژی یەكشەم بۆ ماوەی دوو بۆ سێ رۆژ باران دەبارێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل