ژمارەیەكی سەر درێسی ئەڵمانیا بەهۆی هیتلەرەوە قەدەغە كرا

:: PM:08:06:01/04/2024 ‌

درێسی نوێی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا كە بۆ یۆرۆی 2024 دیزاین كراوە، فۆنتی ژمارەی یاریزانەكان بە شێوەیەكە، كاتێك ژمارە 44 دادەنرێت، لە هێمایەكی نازییەكان دەچێت، بۆیە قەدەغە كرا.

ئەمڕۆ دووشەم، یەكی نیسان، كۆمپانیای ئەدیداس تایبەت بە كەلوپەلی وەرزشی كە سپۆنسەری فەرمیی درێسی ئەڵمانیایە، لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، ژمارە 44ی سەر درێسی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایان بە تەواوی هەڵگرتووە، چونكە لە هێمایەكی ڕێكخراوی نازیی ئەڵمانی دەچێت.

چالاكانی سۆشیاڵمیدیا لە ئەڵمانیا و ئەورووپا، هەر زوو سەرنجیان چووە سەر ئەو ژمارەیە كە بە تەواوی لە هێمای هێزی تەناهیی تایبەتی ئەڵمانیای نازیی سەردەمی هیتلەر (شۆتزستاڤل) دەچێت كە بە پیتی ڕۆنی نووسراوە "ᛋᛋ" كە دەكاتە "ئێس ئێس"

شۆتزشتاڤل، ڕێكخراوێكی نیمچە سەربازی بوو بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی هیتلەر كە داگیركاریی تەواوی ئەورووپای پێ كرا.

ئەگەرچی هەمووی مانگێك دەبێت كۆمپانیای ئەدیداس درێسی نوێی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای ڕاگەیاندووە، بەڵام هەر زوو كەوتە بەر هێرشەوە، بۆیە ئەمڕۆ ئۆلیڤەر برۆگن، گوتەبێژی كۆمپانیا زەبەلاحە ئەڵمانییەكە دووپاتی كردەوە كە بەتەواوی ئەو ژمارەیە لە فرۆشگەكان دەكشێننەوە و هیچی تریشی لێ چاپ ناكەن.

چالاكان ئەوەیان بەبیر هێنایەوە كە كاتی خۆی كۆمپانیای ئەدیداس، پشتیوانی نازییەكان بووە و هاوكاری هیتلەر بووە، بۆیە گوتەبێژی كۆمپانیاكە بۆ ڕەوانەوەی ئەو جۆرە گوتانە گوتی، كۆمپانیاكەمان لە 100 وڵات كارمەندی هەیە و هەردەم سەلماندوومانە كە دژی توندڕەوی و ڕەگەزپەرستین.

یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا لای خۆیەوە پاكانەی بۆ بابەتەكە كرد كە هیچ یاریزانێكیان ئەو ژمارەیەك لەبەر ناكات، چونكە بەپێی یاساكانی یویفا، دەبێت درێسی یاریزانان لە ژمارە 1 تا ژمارە 23 بێت.


وشە - عەبدوڵا عومەر