بە بۆچوونی شارەزا و سیاسەتوانان بەشدارینەكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردن بە واتای ئەوە دێ كە كێشەیەك لەئارادایە، چونكە ئەو حزبە هەردەم ئامادەی هەڵبژاردن بووە و لە رابردوو داوای كردووە هەڵبژاردن بكرێت، كە ئێستە بڕیاری داوە بەشداری هەڵبژاردن نەكات، واتە نایەوێ دەستی دەرەكی بڕیار بەسەر كوردستان بسەپێنێت و نەخشەی سیاسی بە ویستی خۆی بكێشێت.
هەرێمی كوردستان دەستوورییە و خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی خۆیەتی و دەتوانێت بەپێی ئەو رێنوێنی و یاساكانی لە دەستوور دیاری كراون هەڵبژاردن بكات، بەڵام بەغدا دەیەوێ لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە ئەو دەسەڵاتە لە هەرێمی كوردستان وەربگرێتەوە و خۆی بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدات، پارتیش لەسەر ئەوە رازی نابێت كە دەستوەردان لە كاروبارەكانی هەرێمی كوردستان وەربدرێت، بۆیە هەڵوێستی وەرگرتووە.
نازم هەركی، ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كاتێك پارتی گوتی بەشداریی هەڵبژاردن ناكەم، ئەوە واتای ئەوەیە كە مەترسییەكی دەرەكی لەسەر هەرێم هەیە و پیلانی بۆ دانراوە و نایەوێ جێبەجێ بكرێت، كۆمسیۆنێك كە دەیەوێ بە ویست و بە دڵی لایەنێك كار بكات و هەڵبژاردن بەڕێوە ببات، پارتی ئەوەی پێ قبووڵ نییە، بۆیە ئەوەی دەكرێت وەك ئەوە وایە هاووڵاتیی بخرێتە ئەركەوە، لەكاتێكدا هەموو شتێك پێشوەخت بڕیاری لەسەر دراوە و دیاری كراوە ئەنجامی هەڵبژاردن چۆن دەبێت.
باسی لەوەش كرد، پارتی بەهیچ شێوەیەك نایەوێ بچێتە ئەو هەڵبژاردنەوە كە هەر لە سەرەتاوە بڕیار لەسەر شێواز و ئەنجامەكەی دراوە و دەبێت چی رووبدات، هەمووان باش دەزانن پارتی هەمیشە داوای هەڵبژاردنی كردووە و ئامادەی هەڵبژاردن بووە، ئەگەر لە ماوەی 24 سعات دوای بڕیاردان ئەنجام بدرێت، لەوكاتەی ئەوانەی لە هەڵبژاردن دەترسان، ئەوانەن كە پێشتر بە هەموو شێوەیەك بیانوویان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەهێنایەوە و نەیاندەوەیست هەڵبژاردن بكرێت.
ئەو ئەندامە یەدەگەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی پێی وایە كە حزبەكەی بەشداری هەڵبژارن ناكات، ئەوە دڵنیاییە بەوەی مەترسی هەیە و دەیانەوێ هەرچی دەسەڵات هەیە لە هەرێم وەربگیرێتەوە و بڕیار لەسەر سیاسەت و كار و دەسەڵاتداریی لە هەرێمی كوردستان بدرێت، ئەوانەشی دەیانەوێ هەڵبژاردن بكرێت، ئەوە روونە دەیانەوێ هەرێمی كوردستان هەمیشە لەلایەن بەرەی دژەكوردستان بەڕێوە ببرێت، ئەوانە هەمیشە دەیانەوێ هەرێم لاواز بێت و خاوەن پێگە و دەسەڵات نەبێت.
لای خۆیەوە نەزیرە جاف، شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، هەرێمی كوردستان خاوەن دەسەڵاتی تایبەتی خۆیەتی و دەستوورییە، بەپێی دەستوور دەتوانێت كاروبارەكانی خۆی بكات و بەڕێوە ببات، كەچی ئێستە دادگای فیدراڵی بەو بڕیارانەی داویەتی دەیەوێ لە پێگە و دەسەڵاتی هەرێم بدات، هەموو بڕیارەكانیش بەو ئاراستەیەن كە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی نەبێت، دواتریش بەو جۆرە بكەن كە خۆیان دەیانەوێت، بۆیە نابێت رێگە بدرێت بەو جۆرەی كە دەیانەوێت لە هەرێم یاری بە كاروبارەكانی بكرێت و نەخشەی سیاسی بكێشرێت و بە ویستی ئەوان دابڕێژرێت، مادام هەرێمی كوردستان دەستوورییە، كەواتە دەبێت خۆی ئەو كارانە بكات و دەستوەردان نەكرێت.
پێوەست بەو بابەتە ئارام ئەحمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا بەو پیلانەی كە بە هاوكاریی وڵاتانی دەرەكی دەستی پێ كردووە، دەیەوێ بەتەواوی قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز بكات و پێگەی نەمێنێت، دواتریش بەو شێوازە بۆ هەڵبژاردن كێ لە پێشە و كێیان دەوێت بیهێننە پێشەوە، لەوكاتەی پارتی داوای هەڵبژاردنێكی شەفاف بەبێ دەستوەردان دەكات، ئەمە مافی هەموو لایەنێكە و شتێكە كە لەگەڵ پرسی هەڵبژاردن یەك دەگرێتەوە.
وشە/ تایبەت