ئێران چۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە؟

:: PM:10:54:01/04/2024 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم جارێكی تر ئیسرائیل ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانی كوشت، كاتێك كۆبوونەوەیەكی ئەوانی لە تەلارێكی سەر بە باڵوێزخانەی ئێران لە سووریا كردە ئامانج، ئیسرائیل بەفەرمی هیچ باسی هێرشەكە ناكات، ئێرانیش نایەوێ و ناتوانێت راستەوخۆ وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، چونكە دەكەوێتە بەرانبەر بە ئەمەریكا، كەچی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند دەكات، بەڵام چی پێ دەكرێت؟

شارەزایانی سەربازی و چاودێران بۆ دۆخی ناوچەكە ئاماژە دەكەن كە رەنگە هۆكاری هێرشەكەی ئیسرائیل كردنەئامانجی راستەوخۆی ئەم دوایەی ئیسرائیل بێت بە درۆن لەلایەن میلیشیای نوجەبای عێراقییەوە، كە وای كرد ئیسرائیل بە هەمان سیاسەتی ئەمەریكا، دەست بۆ كوشتنی فەرماندە باڵاكانی فەیلەقی قودس ببات بۆ وەستانی هێرشەكان، سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێرانیش بە هەمان شێوەی پێشوو لە رێگەی میلیشیاكانی لە لبنان یان عێراق یان یەمەن دەبێت، چونكە ساڵانێكە ئێران وازی لە چوونە ناو شەڕی راستەوخۆ هێناوە.

جیا لە قسە و هەڕەشەكانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و باڵوێزی لە سووریا بەوەی تاران بەتوندی وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل دەداتەوە، حوسێن كەنعانی موقەدەم، توێژە و شارەزای ئێرانی لە كاروباری رۆژئاوای ئاسیا دەڵێت، دوای هێرشەكەی ئەمڕۆ تەواوی باڵوێزخانەكانی ئیسرائیل لە دنیا دەبنە ئامانجی بەرەی بەرگریكاری.

كەنعانی زیاتر گوتی، دوای هێرشەكەی ئەمڕۆ تەواوی باڵوێزخانەكانی ئیسرائیل لە دنیا دەبنە ئامانجێكی رەوای بەرگریكاران، واتە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، چونكە پێشێلی هیڵی بەرپەرچدانەوەی ئێران كراوە و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی ناوخۆیش هەیە، بۆیە لەو ساتە بەدواوە نابێت هیچ باڵوێزخانەیەكی ئیسرائیل لە دنیا سەلامەت بێت.

ئەو توێژەرە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بۆ لەمەودوا بەرەی بەرگریكاری كە ئێران رابەرایەتی دەكات، هێرشەكانی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل فرەوانتر دەكات، لەوانە بۆ سەر باڵوێزخانە و كونسوڵگەكانی ئەو وڵاتە لە دنیا.

ئەگەرچی پێشتر چەندان فەرماندە و راوێژكاری باڵای سوپای پاسدارانی ئێران و زانای ئەتۆمی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون، بەڵام ئێران وەڵامی راستەوخۆی بۆ ئیسرائیل نەبووە، بەڵكو لە رێگەی میلیشیاكانی لە ناوچەكە وەڵامی داوەتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بۆ خۆلادان لە شەڕی ئەمەریكا و بۆ لابردنی شەرمەزاریش لە ئەگەری  وەڵامنەدانەوەی ئەو هێرشانە، جارێكی تر داوای لە میلیشیاكانی لە ناوچەكە بكات هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل فرەوانتر بكەن. 
 
راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەوە دەكەن كە جگە لە عەمید محەمەد رەزا  زاهیدی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سووریا و لبنان، محەمەد حاجی رەحیمی، یاریدەریی كەسیی زاهیدی و راوێژكاری باڵای سەربازی و عەمید حوسێن ئەمیروڵا، سەرۆك ئەركانی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان، جێگری زاهیدی و بەڕێوەبەری نووسینگەكەی لە هێرشەكەی ئەمڕۆی دیمەشق كوژراون.

محەمەد رەزا زاهیدی 79 ساڵ، یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران لە دوای قاسم سلێمانی دەكرێتە ئامانج، كە فەرماندەی فەیلەقی قودس و راوێژكاری سەربازیی عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران بوو بۆ سووریا و لبنان، هەر بەپێی هەواڵەكان بۆردمانەكە كۆبوونەوەیەكی ئەو فەرماندانەی فەیلەقی قودسی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین كردووەتە ئامانج.

هاوكات ئێران باسی ئەوە دەكات كە ژمارەیەك دیپلۆماتكاری لە هێرشەكەدا كوژراون، ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە هێرشەكەی سەر كونسوڵگەی وڵاتەكەی لە دیمەشق پێشێلكردنێكی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، بەتایبەتی بڕگەی پێوەندییە دیپلۆماسییەكان، دووپاتی كردەوە، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان بەتوندترین شێوە سەركۆنەی هێرشەكە بكەن و رێوشوێنی پێویست لە دژی بگرنە بەر.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی كرد، بەوردی لەم هێرشە قێزەونە دەكۆڵینەوە و بەرپرسیارێتیی لێكەوتەكانی لە ئەستۆی ئیسرائیلە، مافی وەڵامدانەوەی هاوشێوە بۆ ئێران پارێزراوە و دواتر بڕیار لە چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی هێرشەكە دەدەین.

دوێنێ سوپای ئیسرائیل رای گەیاند و گرووپی بەرگریكاری ئیسلامی لە عێراق دووپاتی كردەوە، كە درۆنێكی بۆمبڕێژكراو بە بنكەیەكی سەربازیی ئیسرائیل لە ئیلات تەقیوەتەوە و زیانی گیانی لە ریزی سەربازانی ئیسرائیل هەیە، درۆنەكەش لە عێراق هەڵدراوە، بەتایبەتی لەلایەن گرووپی نوجەبای ئەكرەم كەعبی، ئەو هێرشەی شارەزایان بۆ ئێرانی دەگەڕێننەوە لە رووی پلاندانان و فەرمانكردنی و جۆری درۆنەكەوە.

سەبارەت بە هۆكاری ئەوەی میلیشیاكان خەریكە هێرشەكانیان لە ئەمەریكاوە بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە، چاودێران پێیان وایە چەند هۆكارێك هەن، د. ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسییانە دەڵێت، هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەیە بگوترێت ئەوان لە بەرگریكاری نەوەستاون و دژ بە ئیسرائیل لە شەڕدان، جیا لە بوونی پاساوێك بۆ هێشتنەوەی چەكەكانیان هەروەها بۆ سووككردنی گوشاری ئیسرائیلە لەسەر حزبوڵای لبنانی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل