كارەساتی تەندروستی.. بە هەڵە نەشتەركارییەكی گەورە بۆ نەخۆشێك دەكرێت

:: PM:02:08:02/04/2024 ‌
زۆرجار هەڵەی پزیشك لە كاتی نەشتەركاریدا ئاشكرا دەبێت، وەك بەجێهێشتنی ئامێری تەندروستی لە جەستەی نەخۆش، یان پێدانی دەرمان بە هەڵە بە نەخۆش یاخۆ لێدانی دەرزیی هەڵە كە دواتر كێشە بۆ نەخۆش دروست دەكات، بەڵام ئەمجارە لە نەخۆشخانەیەكی ئەوروپا، بە هەڵە نەشتەركاریی گەورە بۆ نەخۆشێك كراوە كە ئاكام كۆرپەڵەكەی لە دەست دەدات.

پێگەی "عەرەبیە" كە دوێنی یەكی نیسان هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، ئاماژەی بە نەخۆشخانەیەك لە وڵاتی چیك داوە كە تێیدا بە هەڵە نەشتەركارییەكی گەورە بۆ نەخۆشێك كراوە، نەشتەركارییەكە بۆ رەحمی ژنێكی دووگیان بووە، بەهۆیەوە كۆرپەڵەكەی لە دەست داوە. هەڵەكە لەوەدا بووە كە نەشتەركارییەكە بۆ ژنێكی تر بووە و بە هەڵە بەنج بۆ نەخۆشێكی تر كراوە و نەشتەركارییەكەی بۆ كراوە.

رۆژنامەی "میترۆ"ی بەریتانی هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و پێگە عەرەبییەكەیش لەوی وەرگرتووە، ئەو ژنەی نەشتەركارییەكەی بۆ كراوە، لە بنەمادا بۆ پشكنینی ئاسایی بۆ نەخۆشخانەی "بۆلۆڤكا لە شاری براگی چیك" چووە كە دووگیانییەكەی لە مانگی چوارەمیدا بوو، پزیشكەكان بە هەڵە بەنجیان لێ داوە و سڕ كراوە، لە جیاتی نەخۆشێكی تر كە كێشەی رەحمی هەبووە، نەشتەركارییەكەیان بۆ ئەو ژنە كردووە، بەهۆیەوە كۆرپەڵەكەی لە دەست داوە.

ئیڤا ستوڵیجدا لیبیجیرۆڤا كە گوتەبێژی نەخۆشخانەكەیە، لەبارەی رووداوەكە رای گەیاندووە، ئەوەی كراوە هەڵەیەكی گەورەیە و بە كارەساتی تەندروستی لە قەڵەم دەدرێت، رووداوەكە لە بەشی ئافرەتان و لەدایكبوون دروست بووە، هەڵەكەیش بەهۆی پزیشك و فەرمانبەرانەوە بووە كە نەیانزانیوە ئەو نەخۆشەی دەبوو نەشتەركاری بۆ بكرێت دەستنیشان بكەن، بۆیە نەخۆشێكی تر نەشتەركارییەكەی لە جێی ئەو بۆ كراوە.

ئەو گوتەبێژە ئەوەشی گوت، داوای لێبوردنمان لە نەخۆشەكە و خێزانەكەی كردووە و دڵگرانیی خۆمان بۆ ئەو هەڵە گەورەیە پێ گەیاندوون. ئەوەشمان پێ گوتوون كە بەهەموو شێوەیەك ئامادەی هەر قەرەبووكردنەوەیەكین تا زیانەكانیان كەمتر بكەینەوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د