دوێنێ ئیسرائیل بە چەند مووشەكێك تەلاری كونسوڵگەی ئێرانی لە دیمەشق وێران كرد و حەوت فەرماندە و راوێژكاری فەیلەقی قودسی كوشت، لەوانە فەرماندەی ئەو هێزە لە سووریا و لبنان، لە یەكێك لە گەورەترین گورزەكان لە دوای كوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیەلەقی قودس لە 2020 لەلایەن ئەمەریكا، چاودێران پێیان وایە ئەگەری هەیە ئێران لە رێگەی میلیشیاكانییەوە لە ناوچەكە تۆڵە بكاتەوە، بەڵام ئەو هێرشە بۆ شەڕی راستەوخۆی حزبوڵا و ئیسرائیل سەر دەكێشێت؟
هاوتا لەگەڵ شەڕی غەزە، نزیكەی شەش مانگە شەڕی ئیسرائیل و میلیشیاكانی ئێران هەیە، لەوانە لەگەڵ حزبوڵای لبنانی، ئیسرائیل بە بەردەوام بە سوودبینین لە پاڵپشتیی سەربازیی ئەمەریكا، جیا لە غەزە، خەریكی كوشتن و كوتانەوەی ئەو میلیشیایانە بووە، بۆ رێگرتن لە فرەوانكردنی شەڕ، كەچی چاودێران پێیان وایە رەنگە هەر ئەو سیاسەتەی ئیسرائیل شەڕەكە فرەوان بكات، كە بە گوتەی تەلئەبیب خۆی بۆ ساز داوە.
یووسی یشواع، نووسەر لە رۆژنامەی "یدیعۆت ئەحرانۆت" نووسیویەتی، ئەگەر هاتە سەلماندن كە ئیسرائیل هێرشەكەی دیمەشقی ئەنجام دابێت، دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە لە بەرەی باكور، بەڵام ئاماژەیەكیشە بۆ پێویستیی ئامادەكردنی جەماوەر بۆ شەڕێكی فرەوان لەگەڵ حزبوڵای لبنانی و گرووپەكانیتری سەر بە ئێران، ئەو پرسیاری ئەوەی كرد كە تا ئێستە ئێران جڵەوی حزبوڵای لە فرەوانكردنی شەڕی غەزە توند گرتووە، بەڵام دوای هێرشەكە چی دەبێت؟
عامووس هارئیل، شرۆڤەكاری سەربازی لە رۆژنامەی "هائارتیس"، پێی وایە كوشتنی ئەو فەرماندانەی ئێران لە سووریا گورزێكی گەورەیە بۆ ئێران و حزبوڵای لبنانی و هەنگاوێكە بەرەو پەرەسەندنی دۆخەكە لە باكور، چونكە لە 7ی تشرینی یەكەمی رابردووەوە ئیسرائیل و حزبوڵا زۆر وریا بوون دۆخەكە نەگاتە رووبەڕووبوونەوەیەكی فرەوانتر، بەڵام ئیسرائیل خەریكە گرەوەكە دەكات و حەسەن نەسروڵا دەخاتە بەردەم دووڕیان.
روونی كردەوە، ئەو هێرشەی ئیسرائیل ئاستی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوولا بۆ خاڵێكی نوێ بەرز دەكاتەوە، كە رەنگە مەترسیدارترین بەشی دۆخەكە بێت لە باكور لەوەتەی شەڕی غەزە بەر لە شەش مانگ هەڵگیرساوە، كێشەكە و قسە لەسەر كوژرانی زیاتر لە 300 ئەندام و بەرپرسی حزبوڵا و گرووپەكانیتری فەلەستینی لە لبنان نییە، بەڵكو لە فرەوانبوونی بەهەنگاوی ئامانجی ئیسرائیلە كە ئێستە گەیشتووەتە بەرپەرسانی باڵای هێزی رەزوانی حزبوڵا و سوپای پاسدارانی ئێران و بزاوی حەماس لە لبنان، جیا لە گەیشتنی هێرشەكانی بۆ قووڵایی ناو خاكی لبنان.
ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی دەكاتەوە، بەر لە شەڕی غەزە ئیسرائیل هێرشی كردووەتە سەر دیمەشق و حزبوڵای كردووەتە ئامانج، لە دوای هێرشی حەماسیش بۆ سەر ئیسرائیل، حزبوڵا هەزاران مووشەكی ئاراستەی ئیسرائیل كردووە، بەڵام زۆر وریا بووە لە دیاریكردنی ئامانجی مووشەكەكانی بۆ فراوننەبوونی شەڕەكە، بەڵام ئەوجارە دوای هێرشەكەی دیمەشق پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ حەسەن نەسروڵا و تاران پەیامێكی تری مووشەكی ئاراستەی تەلئەبیب دەكەن و وەڵامدانەوەیەكی گەورەی دەدەنەوە، ئەگەر ئەوە رووبدات رێگاكە بۆ شەڕێكی فرەوان نزیك دەبێتەوە.
روونین بیرگمان، رۆژنامەنووسی پسپۆڕ لە ئاسایشی نەتەوەیی لە رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی دەڵێت، ئایا ئەوجارەش حەسەن نەسروڵا وەڵامێكی شێوەیی دەبێت یان وەڵامێكی زۆر توندی ئیسرائیل دەداتەوە، كە باش دەزانێت خۆی دەخاتە مەترسییەوە و رێگەی گەیشتن بە شەڕی سەرانسەری نزیك دەكاتەوە.
ئەو نووسەرە پێی وایە سوپای ئیسرائیل دەستكەوتی باشی لە بەرەی باكور هەیە، بەڵام خۆشی زەرەر دەكات، چونكە حكوومەتی نەتنیاهۆ لە هەموو بوارەكان لە شوێنی خۆی دێت و دەچێت، رێوشوێنەكانی ئیسرائیل بۆ گونجان لەگەڵ دۆخەكە و دوورخستنەوەی دانیشتووانی ناوچەكە بووەتە بارگرانی و ناكرێت كاتی زیاتر بەردەوام بێت، بۆیە رەنگە دۆخەكە بەرەو هەڵمەتێكی سەربازی سەر بكێشێت.
ئەو نووسەرە دووپاتی دەكاتەوە كە هێشتا ئیسرائیل دەیەوێ چاوی لە چارەسەرێكی دیپلۆماسییانەیە و دەزگەكانی هەواڵگری ئەو وڵاتە لەوە گەشبینن كە ئەوە بكرێت، بەڵام لەبەرانبەردا تا كاتی بەردەوامبوونی شەڕی غەزە، نەسروڵا نایەتە ناو دانوستانەكان لەگەڵ عامووس هۆكشتاین، نێردراوی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆخەكە.
دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ دووشەم سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانیدا تەلاری كونسوڵگەی ئێرانی لە دیمەشق لە كردە ئامانج و ژمارەیەك فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی كوشت، هەر دوێنێ سوپای پاسداران ناسنامە و ژمارەی كوژراوانی لە هێرشەكە ئاشكرا كرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی پێوەندییە گشتییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە هێرشەكەی دیمەشق حەوت ئەفسەر و راوێژكاری سەربازی كوژراون، ئەوانیش هەردوو جەنەراڵ و راوێژكار محەمەد رەزا زاهیدی و محەمەد هادی حاجی رەحیمی و پێنج لە هاوەڵانیانن كە بریتین لە، حوسێن ئەمان ئەڵاهی و سەید مەهدی جەلالەتی و موحسین سەداقەت و عەلی ئاغا بابائی و سەید عەی ساڵحی رۆژبهانی.