لە رووداوێكی شێلان لە بەسرە 15 قوتابی بوونە قوربانی

:: PM:07:34:02/04/2024 ‌

ئەمڕۆ ئێوارە لە رووداوێكی شێلان لە شارۆكەی هاریسە لە باكوری پارێزگەی بەسرە، حەوت قوتابی گیانیان لەدەست دا و نۆی تریش بریندار بوون، كە بەپێی سەرچاوەكان پێنج لەوانەی گیانیان لەدەست داوە لە یەك خێزانن، پۆلیس شوفێری ئۆتۆمبێلەكە دەگرێت.

بەپێی حكوومەتی ناوخۆی بەسرە، رووداوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ رووی داوە كاتێك قوتابییەكان لە تەنیشت شەقام رۆیشتوون، شوفێری ئۆتۆمبێلەكە كە لە جۆری بەرادی بار بووە، بەهۆی تیژڕۆیی و سەرقاڵبوونی كۆنترۆڵی لەدەست داوە بەرەو لای راستی رێگاكە رویشتووە و رووی كردووەتە ناو ئاوایی و خۆی بە ئۆتۆمبێلێكی تر كێشاوە كە وەستابوو، لەو ناوەدا ژمارەیەك قوتابی شێلاوە كە لە تەنیشتی شەقامەكەوە رۆیشتوون.  

قایمقامی هاریسە دەڵێت، ئۆتۆمبێلێكی جۆری بارهەڵگر ژمارەیەك قوتابی قوتابخانەی زەینەبی سەرەتایی كوڕانی شێلاوە و حەوتیان گیانیان لەدەست داوە و نۆش بریندارن، رووداوەكە بەهۆی تیژڕەوییەوە رووی داوە و ئۆتۆمبێلەكە لە كۆنترۆڵی شوفێرەكە دەرچووە.

بەپێی سەرچاوەكان شوفێری بەرادەكە گیراوە و ددانی بەوەدا ناوە كە برێكی ئۆتۆمبێلەكەی نەماوە و كۆنترۆڵی لەدەست داوە و بەوهۆیەوە رووداوەكە رووی داوە، خەڵكی هاریسە دەڵێن پێنج لە قوتابییەكانی گیانیان لەدەست داوە لە یەك خێزانن، پارێزگاری بەسرەش سێ رۆژ پرسەی راگەیاند.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل