كێ زانیاری لەبارەی فەرماندە سەربازییەكانی ئێران لە سووریا بە ئیسرائیل دەدات؟

:: PM:08:47:02/04/2024 ‌

ئێوارەی دوێنێ ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق، ژمارەیەك فەرماندە و راوێژكاری سەر بە فەیلەقی قودسی ئێرانی كوشت، لەوانە فەرماندەی هێزەكە لە سووریا و لبنان و یاریدەر و سوپاسالاری هێزەكەش، وەك دوایین ئامار باسی ئەوە دەكرێت ژمارەی كوژراوان بۆ 13 كوژراو زیادی كردووە، وەك هەموو جارێك ئێران ژمارەی راستەقینەی كوژراوان و هۆكاری بوونیان لەو شوێنەی تیایدا كراونەتە ئامانج دەشارێتەوە، بەڵام ئیسرائیل چۆن بە شوێنی ئەو ئەفسەرانەی ئێران و كۆبوونەوە نهێنییەكانیان دەزانێت؟

لە 20ی مانگی یەكی ئەمساڵ سوپای ئیسرائیل گورزێكی ئاسمانی لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی ژمارەیەك فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودس و سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی میلیشیاكانی سووری و عێراقی وەشاند، تەلارێكی چوار نهۆمی لە ناوچەی موزە لە رۆژئاوای دیمەشقی پایەتەختی سووریا وێران كرد، وەك هاتە راگەیاندن پێنج فەرماندەی باڵای سەربازیی پاسدارانی لەوێ كوژران، بەوەش گورزێكی گەورەی لە ئێران دا.

بەرەی نەیاری ئەمەریكا لە سووریا، لە رووسیا و ئێران و حكوومەتی سووریا و میلیشیا شیعەكان پێك هاتوون، لە حزبوڵای لبنانی و میلیشیا عێراقی و سوورییەكان، جیا لە ژمارەیەكی زۆری شیعەی پاكستان و ئەفغانستانی كە لە چوارچێوەی لیواكانی "فاتمیوون" و "زەینەبیوون" و "رەزوان" رێك خراون، بەگشتی ئەوانە هاوپەیمانن، چونكە یەك دوژمن كۆیان دەكاتەوە، بەڵام هاوكات لە بەرژەوەندییەكان و دابەشكردنی دەسەڵات و میراتی ئەو وڵاتە ركابەری یەكترن، بەتایبەتی بۆ قۆناغی دوای نەمانی شەڕ و ئاوەدانكردنەوە، بەشێوەیەك لە ئێستەوە كێبەركێیەكی گەورە لەنێوان ئێران و رووسیا لەبارەی كیڵگە نەوتی و غازی و بەندەر و گرێبەستەكان هەیە.

رەنگە پرسیاری ئەوە بكرێت ئیسرائیل ئەو زانیارییە هەواڵگرییە زۆر وردانەی سەبارەت بە كۆبوونەوە و جموجۆڵی بەرپرسانی سەربازیی ئێران لە سووریای چۆن دەست دەكەوێت؟، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی دەڵێت، ئەو هێرشەی دوێنێ كە بووە هۆی كوژرانی محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سووریا و لبنان و هاوەڵانی، كۆبوونەوەیەكی نهێنیی ئەو ئەفسەرانە و هەواڵگری ئێران و ژمارەیەك بەرپرسی گرووپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی لە تەلارێكی نووساو بە تەلاری باڵوێزخانەی ئێرانی لە دیمەشق كردە ئامانج. 

راپۆرتەكانی هەواڵ باسی ئەوە دەكەن كە لە ماوەی دواییدا سوپای پاسدارانی ئێران مەترسیی خۆی لە دزەكردنی زانیاری لەبارەی جموجۆڵی فەرماندە و راوێژكارە سەربازییەكانی بە سووریا گەیاندووە، بەوەی هێزە تەناهییەكانی سووریا سەرچاوەی دزەپێكردنی زانیاریی تەناهییەكان بن، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە ئێران متمانەی بە هێزە تەناهییەكان و هێزە سەربازییەكانی سووریا نەماوە، بۆیە ئەوان لە بازنەیەكی داخراودا كارەكانیان دەكەن بۆ رێگرتن لە ئاشكرابوونی جموجۆڵیان بۆ هێزە تەناهییەكانی سووریا كە ئێران بە دزەتێكراوی دەزانێت، تەنانەت لەلایەن رووسیا، كە لە دەسەڵات ركابەری ئێران دەكات.

لە 20ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ و لە گورزێكی ئاسمانیی ئیسرائیل لە سووریا حوجەتوڵا ئومێدەوار و عەلی ئاغازادە و حوسێن محەمەدی و سەعید كەریمی و راوێژكارێكی تر كوژران، لەناو كوژراوەكاندا بەرپرسی هەواڵگریی فەیلەقی قودس و جێگرەكەی هەبوون، بەر لەو هێرشەش رەزی مووسەوی، فەرماندەی دیاری سوپای پاسداران لە هێرشێكی تری ئاسمانیی ئیسرائیل لە دیمەشق كوژرا، بەپێی ئاماری رۆژنامەكانی ئێران لە 2015ەوە زیاتر لە 20 فەرماندەی سەربازیی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سووریا كوژراون، كە ئەوەش هەمان مێژووی هاتنی رووسیایە بۆ سووریا، جیا لەوە رووسیا ئێرانی لە ئەگەری هێرشەكان ئاگەدار نەكردووەتەوە، لەوكاتەی میكانیزمی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە بۆ بەریەكنەكەوتنی فڕۆكەكانیان لە ئاسمانی سووریا.

لە یەكێك لە بەڵگەكان لەسەر ئەوەی هێزە تەناهییەكانی سووریا دزەی تێ كراوە و لەوێوە زانیارییەكان بۆ ئیسرائیل دەچن، رۆژێك دوای رووداوەكەی سەرەتای ئەمساڵ لە ناوچە مەزە لە رۆژئاوای دیمەشق، كە ناوچەیەكی تەناهیی زۆر توندوتۆڵە و باڵوێزخانە و نووسینگە تەناهییەكانی ئێران و میلیشیاكانی تیادایە، هێزە تەناهییەكانی سووریا ژمارەیەك كەسیان لە شوێنی نزیك هێرشەكە گرت، لەوانە ئەفسەری سووری، جیا لە گرتنی ژمارەیەك ئەندامی نوێی میلیشیاكان، ئەوەش بە تۆمەتی سیخوڕی و نۆكەری بۆ دەرەوە.  

عەمار فەرهوود، توێژەری سووری پێی وایە كە هەرسێ لایەنی رووسی و ئێرانی و سووری جۆرێك گوشاری راستەوخۆ و ناراستەوخۆیان بۆ سەر یەكتر هەیە بۆ هێشتنەوەی بەرانبەرەكەیان لە دۆخێكی شێوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، بۆیە ئەگەری هەیە بەرپرسانی تەناهیی رووسی و سووریا زانیارییان بە بوونی خانەی سیخوڕی هاوكار لەگەڵ مۆساد یان ئێران لەناو دەزگە تەناهییەكانی سووریا هەبێت و چاوپۆشیان لێ بكرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی لایەنی بەرانبەر لەژێر گوشار بمێنێتەوە، كە ئەوەش تەكتیكێكە سووریا بەجوانی بەكاری دێنێت، واتە بۆ لێدانی ئێران و رێگرتن لە باڵادەستیی زیاتر لەو وڵاتە.  

لای خۆیەوە ئەیمەن محەمەد، سەرنووسەری ماڵپەڕی "ئیران ئینسایدەر" دەڵێت، دوو بۆچوون لەوبارەوە هەیە، یەكەمیان ئیسرائیل دزەی كردووەتە ناو ریزی میلیشیاكانی ئێران لە سووریا، زانیاری لەبارەی چەك و جووڵانەوە و كۆبوونەوە نهێنییەكانی راوێژكار و فەرماندەكانی ئێران بە ئیسرائیل دەدەن، بەتایبەتی لە دیمەشق و دەوروبەری، دووەم، تێوەگلانی دەزگای تەناهیی سووریا، بەتایبەتی بۆ رێگرتن لە ئێران لە كرنەئامانجی ئیسرائیل لە سووریاوە، چونكە تەنیا ئەو لایەنانەن دەتوانن ئەو زانیارییە هەستیارانە بە ئیسرائیل و ئەمەریكا بدەن.

سەبارەت بە هۆكاری ئەو هەڵسوكەوتەی هێزە تەناهییەكانی سووریا، گوتی، بۆ رێگرتن لەهەر هێرشێك بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمەریكا لەناو خاكی سووریا، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ رژێمی بەشار ئەسەد، بەوەی ئەگەر لە سووریاوە هێرش بكرێتە سەر ئیسرائیل خودی ئەسەد دەكەنە ئامانج، جیا لە لاوازكردن و وەستانی فرەوانخوازی و باڵادەستیی پەرەسەندووی ئێران لە سووریا.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل