چاودێرێك: هەڵبژاردنی ئەمجارە چونكە دژی هەرێمی كوردستانە یەكێتی لاری لێی نییە

:: PM:11:09:02/04/2024 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەو جۆرە سیاسەتی كردووە كە كار بۆ تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستان بكات، عێراقیبوونی بۆ بەغدا نیشان داوە و دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات، لەو ستەمەی بەغدا لە هەرێمی كوردستانی دەكات بێدەنگە و هیچ هەڵوێستی نییە، ئەوەش نیشانی دەدات كە پیلانەكان بە هاوكاری ئەو حزبە بەڕێوە دەچن.

چەندین ساڵە كە یەكێتی رووبەڕووی كێشەی ناوخۆیی بووەتەوە و كاتی هەڵبژاردن بووە، پارتی هەردەم بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بڕیاری هەڵبژاردنی داوە، ئەمە جگە لەوەی لەسەر داوای ئەو حزبە چەندینخار هەڵبژاردن دوا خراوە، لە خولی چوارەمیش ساڵێك هەڵبژاردن دوا كەوت، ئەمجارەش بەهۆی ئەوەی یەكێتی ئامادەنەبوو دوو ساڵە هەڵبژاردن دوا خراوە.

لانە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستی بە رێككەوتنی لایەنەكان هەیە و دەبێت لە ناوخۆوە بڕیار لەسەر بدرێت نەك دەرەوە، ئێستە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە ئەجیندای دەرەكی بەڕێوە دەكرێت، پیلانێك دژ بە كوردستان لەئارادایە، ناكرێ بەرانبەر بەو پیلانە لە ناوخۆ بێدەنگی هەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی كە چاویان لەسەر هەرێمی كوردستانە، دەیانەوێ بەوە بگەن كە خۆیان نەخشەكەیان بۆ كێشاوە.

باسی لەوەش كرد، ئەوانەی دەیانەوێت بە دەستوەردانی دەرەكی هەڵبژاردن بكرێت، ئەوە بێگومان دەیانەوێ ئەو خەبات و قوربانیدانەی لە رابردوو بۆ قەوارەكەمان دراوە، هەروا بەئاسانی رادەستی بكەن، وەك ئەوەی هیچ نەكرابێت و رووی نەدابێت، ئەمە ئەوەیە كە هەردەم بەرژەوەندیی حزبی پێش بەرژەوەندی گشتی و نەتەوە و كۆمەڵگە خراوە، لەكوێ بەرژەوەندیی خۆی هەبوو دەیكات، لەكوێ بەرژەوەندیی نەبوو تێكی دەدات، ئەوەی ئێستە هەیە بەدڵی لایەنێكە، بۆیە دەیانەوێ هەڵبژاردن بكرێت.

لای خۆیەوە بڵند فاتیح، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، مادام یەكێتی داوای هەڵبژاردن دەكات، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەنجامەكەیان خستووەتە بەردەستی و پێیان گوتووە ئەوە كورسی خۆتان و لایەنەكانی تریش، بۆیە ئەوەندە پێداگرە، چونكە حزبێكی ترسنۆك هیچكات ئەوەندە بوێری نییە بەو جۆرە لەسەر هەڵبژاردن سوور بێت، یەكێتی چی دژی هەرێمی كوردستان بێت بەبێ ئاوەڕدانەوە ئەنجامی دەدات و جێبەجێی دەكات، هەڵبژاردنی ئەمجارە چونكە دژی پێگە و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانە، یەكێتی لاری لێی نییە، بەتایبەت ئەجیندای دەرەكی هەبێت و دەستوەردان لە كارەكانیدا بكرێت.

روونی كردەوە، كوردستان و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر لەوە گەورەترن حزبێكی وەك یەكێتی دەیەوێت هێندە بەئاسانی و لەپێناو هەندێك مەرامی خۆی رادەستی نەیار و پیلاندارێژەرانیان بكات، یەكێتی ئێستە كەوتووەتە خۆی و دەڵێ با هەڵبژاردن بكرێت، بۆچی دوو ساڵ پێش ئێستە ئامادەی هەڵبژاردن نەبوو؟، بۆچی ئێستە كە دەزانێ دۆستەكانی دەستوەردان دەكەن دەیەوێ هەڵبژاردن بكرێ؟، بۆیە ئەوەی یەكێتی دەیكات بەتەواوی دژی هەرێمی كوردستانە و بیریش لەوە ناكاتەوە سبەی چی روودەدات، هەر ئەو قەوارەی هەیە و خۆی تیایدا بەشدارە و پلە و پۆستی هەیە بكەوێتە مەترسییەوە، ئەوكات بە یەكێتیشەوە دەڕوات.

پێوەست بەو بابەتە خەدیجە تەها، شارەزای یاسایی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان دەستوورییە و لە دەستوور هەموو دەسەڵات و پێگە و مافەكانی دیاری كراون، خۆی خاوەنی قەوارە و حكوومەت و پەرلەمانە، حكوومەت خۆی كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات، هەر جۆرە دەستوەردانێك ئامانج لێی لێدانە لە دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی كرد، ناكرێ سیاسەت و نەخشەی داهاتووی هەرێمی كوردستان بە ویستی دەرەوە بێت، چونكە هەرێم خۆی سیاسەتی خۆی دادەڕێژێت و كاروبارەكانی جێبەجێ دەكات، دەسەڵاتی هەیە و نەخشەی سیاسیی خۆی بەڕێوە دەبات، ئەگەر هەڵبژاردنیش كە بچووكترین مافی هاووڵاتییانە لێیان زەوت بكرێت، كەواتە شتێك نامێنێتەوە بەناوی حكوومەت و ئازادی و دیموكراسی، هەڵبژاردنێك كە تا دوایین خولەك ئەنجامەكەی دیار نەبێت جیاوازە لەوەی هەر لە سەرەتاوە دیاری كراوە چی روودەدات و چی دەبێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت