شەوی رابردوو شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی بەغدای كرد، بڕیارە ئەمڕۆ دەست بكەن بە كۆبوونەوەكانیان.
شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكان لە حكوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی پرسی بودجە و مووچە، شاندێكی هەرێمی كوردستان بەرەو بەغدا بەڕێكەوت.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسان، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبوونەوەی دەبێت.
ئەوەیش زانراوە، جگە لە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، چەند كۆبوونەوەیەكی تریشیان دەبێت و تێیدا باس لە دواین پێشچوونەكان بۆ چارەسەری كێشەی مووچە دەكەن.
وەزارەتی دارایی روونی كردووەتەوە، ئامانج لە سەردانی شاندەكە، گفتوگۆكردنە لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكان لە حكوومەتی فیدراڵی، بۆ چارەسەركردنی پرسی بودجە و مووچەی فەمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان.