بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ناكۆكییەكانی نێوان محەمەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵای برای، قۆناغێكی نوێیان بەخۆوە بینی و رووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە نێوانیان رووی دا.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسان، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە سەعات دووی شەو، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزێكی عەبدوڵای حاجی مەحموود و محەمەدی حاجی مەحموود لە گوڵەخانە رووی داوە.
هۆكاری شەڕەكە بۆ كێشەی خانووەكەی عەبدوڵا دەگەڕێتەوە، ئەو خانووەی كە عەبدوڵا بەموڵكی خۆی دەزانێت و لەلایەن هێزەكانی محەمەدی حاجی مەحموودەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرەتای كێشەكەش لەوە دەستی پێ كردووە كورێكی عەبدوڵا، چووە بۆ ئەو خانووە و داوای كردووە چۆڵ بكرێت و بە موڵكی خۆیانی دەزانن، بەو هۆیەوە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری رووی داوە و بۆ ماوەی چەند خولەكێك تەقەیان لە یەكتر كردووە.
ئێستە هێزەكەی عەبدوڵای حاجی مەحموود كشاونەتەوە و هێزێكی زۆری محەمەدی حاجی مەحموود لە شوێنەكەن و رێ نادەن كەس نزیكی ئەو شوێنە بكەوێتەوە.
ململانێكانی ئەو دوو برایە كە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حزبی پارتی سۆسیالیستی كوردستان بەردەوامە، ئەوەیش دوای ئەوەی لە مانگی شوبات لەسەر پۆستی سەرۆكی یانەیەك بووە كێشەیان، بڕیاریشە رۆژی پێنجشەم ئەو حزبە كۆنگرە ببەستێت.