حكوومەتی توركیا لە باكوری كوردستان قەدەغەی خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ڕاگەیاند

:: AM:09:10:03/04/2024 ‌
لە ترسی خۆپێشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی دەم پارتی، پارێزگاری وان بۆ ماوەی 15 رۆژ هەموو چالاكییەكی لە سنووری پارێزگاكە قەدەغە كرد.

دوای قبووڵ نەكردنی عەبدوڵا زەیدان لە كاتێكدا یەكەمی پارێزگاری وانی بەدەست هێنابوو، دانانی عەبدولحەت ئارڤاس كاندیدی پاكپارتی لە شوێنەكەی، ناڕەزایەتیی زۆری كوردانی دانیشتووی وانی لێ كەوتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ لەیلا زانا خانمە سیاسەتمەداری كورد و پەرلەمانتاری پێشتری توركیا و شاندێكی پەرلەمانتارانی جەهەپە، بە جیا بۆ پشتیوانیكردن لە عەبدوڵا زەیدان كاندیدی سەركەوتووی دەم پارتی بچنە وان، هەموو ئەوانەش بۆ ئاكپارتی بوونەتە مەترسی و دەیانەوێ رێگریی لە گردبوونەوە بكەن.

پارێزگاری وان بڕیاری دا بۆ 15 ڕۆژ هەموو چالاكییەك قەدەغە بكرێت، بڕیارە لە سێ تا 17ی ئەم مانگە، بەردەوام ڕێگریی لە دەرچوون و چوونە ناو شاری وانیش بكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە هاوسەرۆكانی دەم پارتی لە شەوی ڕابردووەوە گەیشتوونەتە وان، بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئاسایی پارتەكەیان لەو شارە ببەستن.

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا و باكوری كوردستان، عەبدوڵا زەیدان بە ڕێژەی 55%ی دەنگەكان یەكەم سەركەوتووی بازنەی پارێزگای وان بووە.

هەر بۆ ڕێگریی لە خۆپێشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری و ناڕەزایی دەربڕین، پارێزگاری بەدلیسی باكوری كوردستانیش هەمان بڕیاری دەكردووە و قەدەغەی هەموو چالاكییەكی داوە، بەڵام لە ناوچەی پەرواری بڕیارەكە توندترە و قەدەغەی گشتیی ڕاگەیەنراوە و هیچ هاووڵاتییەك بۆی نییە لە ماڵەكەی دەربچێت.

عەلی یرلیكایا وەزیری ناوخۆی توركیا ڕای گەیاندووە، 89 كەسیان لە خۆپێشاندانەكانی دوێنێدا گرتووە و نانەوەی پشێوی و شێواندنی ئاسایشی توركیا تۆمەتباری كردوون.

هەروەها هاووڵاتییان لە شارەكانی باتمان، گەڤەر، جۆلەمێرگ، شرنەخ، مێردین، ئامەد، سێرت، فارقین، ئیزمیر، مانیسا و ئیستامبوڵ، دژی دوورخستنەوەی عەبدوڵا زەیدان كاندیدی دەرچوو، خۆپێشاندانیان كرد.



وشە - سۆران عەزیز