ساڵێك بەسەر سزاكانی توركیا بۆ سەر سلێمانی تێپەڕ دەبێت

:: AM:09:55:03/04/2024 ‌
ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر ئەو كاتە تێپەڕ دەبێت كە توركیا سزای بەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی سەپاند، كە چیتر لەو فڕۆكەخانەیە رێ نادرێت گەشتی ئەوروپا و توركیا ئەنجام بدرێ‌.

رۆژی سێی نیسانی 2024، ساڵێك بەسەر راگرتنی گەشتەكانی نێوان توركیا و سلێمانیدا تێپەڕ دەبێ كە لەلایەن حكوومەتی توركیاوە بڕیاری لێ دراوە، هەرچەندە هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكان بەردەوامە، بەڵام تا ئێستە وادەی دەستپێكردنەوەیان دیار نییە.

راگرتنی گەشتەكان لەلایەن توركیاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەكێتی هاوكاریی گرووپێكی چەكدار دەكات، هەرچەندە یەكێتی لە چەندان رێیەوە هەوڵی دا ئەو بڕیارە بوەستێنێت، بەڵام شكستی هێنا.

پێشتر و لە ماوەی بڕیاری ڕاگرتنی گەشتەكاندا، بەرپرسانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە میدیاكانیان راگەیاندبوو، بەهۆی وەستانی گەشتەكانی توركیا، 36%ـی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی كەمی كردووە و رۆژانە 15 هەزار دۆلار زیانی هەبووە.

لە سەرەتادا راگرتنی گەشتەكانی نێوان سلێمانی و توركیا بۆ ماوەی یەك مانگ بوو، بەڵام دواتر بە چەند قۆناغێك راگرتنی ئەو گەشتانە درێژ كرایەوە بۆ  22.6.2024، رەنگە كاتەكەی زیاتریش درێژ بكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد