ئەمەریكا بۆ عێراق: سوود لە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان وەربگرن

:: AM:11:03:03/04/2024 ‌
باڵوێزی ئەمەریكا داوا لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەكات، سوود لە هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان وەربگرێت بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لە كەرتی وزەدا.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسان، ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵوێزی ئەمەریكا لە تویتەر بڵاوی كردووەتەوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، سەربەخۆیی عێراقمان لە بواری وزە تاوتوێ كرد، بەشێوەیەك ببێتە مایەی سوود بۆ عێراقییەكان.

باسی لەوەش كردووە، دەكرێت سوودوەرگرتن لە نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، یارمەتیدەر بێت بۆ عێراق بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی لە كەرتی وزەدا هەنگاو بنێن.

ئەو قسانەی نوێنەری ئەمەریكا دوای ئەوە هات شەوی رابردوو، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان وەزیری نەوتی عێراق و باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ئەنجام درا.

لە 24ـی ئاداری ساڵی 2023 بە بڕیارێكی دادگای پاریس، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێی بەندەری جەیهان راگیراوە.



وشە - رامیار جەواد