دارایی عێراق بڕیاری خەرجكردنی مووچەی هێزە تەناهییەكانی كوردستانی دا

:: AM:11:41:03/04/2024 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیاری خەرجكردنی مووچەی هێزە تەناهییەكانی دا، ئەوەیش دوای تەواوبوونی وردربینی لە مووچەی هێزە تەناهییەكان.

10 ڕۆژی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزە تەناهییەكانی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نارد، كە سەرجەم ناوەكان بە كۆد بوو، بۆیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق دەست كرا بە وردرینی و ئەمڕۆ كارەكان تەواو بوو.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسان، بەپێی زانیارییەكان كە ئێستە گەیشتووە، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 352 ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی دووی هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات.

 ئێستە هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی سێشی بۆ عێراق ناردووە، هەروەها لە دوێنێ‌ شەوەوە شاندێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش لە بەغدان.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامی جەژندا لە ئاكرێ، رای گەیاند كە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، رێككەوتوون كە ناوی هێزە تەناهیی و هەواڵگرییەكانی كوردستان، بكەن بە كۆد و بینێرن بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.


وشە - رامیار جەواد