دۆناڵد توسك سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆڵه‌ندا ڕای گه‌یاند، كوشتنی كارگوزاره پۆڵه‌ندییه‌كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، بووه‌ته هۆی خراپبوونی پێوه‌ندیی نێوان وارسۆ و ته‌لئه‌بیب، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل هێرشی كرده سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی ناوه‌ندی چێشخانه‌ی جیهانی كه بۆ ئاماده‌كردنی خواردن و پێداویستییه‌كانی به‌ربانگ له غه‌زه بوو، له هێرشه‌كه‌دا حه‌وت ئه‌ندامی ڕێكخراوه‌كه كوژران و له نێوانیاندا هاووڵاتییه‌كی ئوسترالی و هاووڵاتییه‌كی پۆڵه‌ندیی تێدایه.
ئه‌مڕۆ سێی نیسان، سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆڵه‌ندا بۆ یه‌كه‌مین جار ڕووی ده‌می كرده سه‌ربازه ئیسرائیلییه‌كان، به به‌رپرسیار ناوی بردن له كوشتنی هاووڵاتییه پۆڵه‌ندییه‌كه، توسك ده‌ڵێ، نا ئومێد بووین له شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی ئیسرائیل.
لای
خۆیه‌وه ڕادۆسلاو سیكۆرسكی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پۆڵه‌ندا داوای كردووه، ئیسرائیل لێبوردن له پۆڵه‌ندییه‌كان بخوازێت و كاری وا دووباره نه‌كه‌نه‌وه، چونكه به كوشتنی ئه‌وروپییه‌كان له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه، ئه‌وا گوتاری دژه‌جوو له ئه‌وروپا زیاتر ده‌بێت.
پۆڵه‌ندا داوای قه‌ره‌بوو ده‌كات له ئیسرائیل و ڕایان گه‌یاندووه، ده‌بێت قه‌ره‌بووی ئه‌و خێزانه بكرێته‌وه كه كوشتاره‌كه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
له درێژه‌ی گوته‌كانیدا توسك ئاماژه‌ی به‌وه داوه، پێویسته وه‌ك هه‌ر سوپایه‌كی تری دنیا، لێكۆڵینه‌وه و لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی ئیسرائیل ئه‌نجام بدرێت له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی كه ته‌لئه‌بیب ده‌یكاته سه‌ر سڤیله‌كان له غه‌زه.
به‌هۆی شكاندنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و گوێ نه‌گرتن له وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، ئێسته دنیا هاتووه‌ته ده‌نگ له ئیسرائیل و به دیاریكراوی نه‌ته‌نیاهۆی سه‌رۆكی كابینه‌كه، بێباكی ئیسرائیل له به‌رانبه‌ر فشاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕه‌كه و كوشتنی سڤیله‌كان، بووه‌ته هۆی له‌ده‌ستدانی پشتگیری و متمانه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا به كابینه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل، به‌مدواییه هه‌ریه‌كه له پۆڵه‌ندا و ئوسترالیا هاتوونه‌ته پاڵ وڵاتانی تری ڕۆژئاوا، داوای ده‌ستبه‌جێ ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن له شه‌ڕه‌كه.