ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ناو كۆمەڵ كە بە كوتلەی نەهزەكان ناسراون لەناو كۆمەڵی دادگەری، هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوەی بە كۆمەڵ لەو حزبە دەكەن.
هەریەك لە محەمەد بامۆكی ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵ، شێخ موحسین بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی ئەو حزبە، مەلا نازم بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پێشووی كۆمەڵ و تۆفیق كەریم بەپرسی پێشووی ڕاگەیاندن، هەڕەشەنامەیەكیان ئاراستەی عەلی باپیر سەرۆكی حزب و ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كردووە، ئەگەر گوشاری زیاتر بخرێتە سەر شێخ فەخرەدین قادر سەرۆكی ڕێكخراوی بەخشین، (كە سەر بە كوتلەی نەهزەكانە) ئەوا ئەوانیش دەست لەكار دەكێشنەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو كۆمەڵی دادگەرییەوە ڕای گەیاند، ئەو بەرپرسانەی كۆمەڵ داوایان كردووە كە شێخ فەخرەدین ئاشت بكرێتەوە و بەربەستەكانی بەردەمی لاببرێت لەناو ڕێكخراوی بەخشیندا.
كۆتایی مانگی ڕابردوو فەخرەدین قادر بەنهێنی دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەشی سەرۆكی حزب و ئەنجوومەنی باڵای ئەو حزبە كردبوو، بەڵام دواتر دەست لەكاركێشانەوەكەی لە میدیاكان بڵاو بووەوە، تا ئێستەش ڕوون نییە ئایا فەخرەدین قادر لە حزبەكەش وازی هێناوە یان تەنیا لەو ڕێكخراوە دەستی لەكار كێشاوەتەوە.
جگەلەوەی كۆمەڵ بەئاشكرا باڵی سلێمانی و هەولێر بەدوو ئاراستەی جیا كار دەكەن، هەمان كات، گرووپی نەهزە و بزووتنەوە كۆنەكان، دوو بۆچوونی جیاوازن و هەر لایەكیان ئاراستەی كاری خۆیان لەو حزبە هەیە.
سەرچاوەكە گوتی، فەخرەدین قادر سەرۆكی دەست لەكاركێشاوەی ڕێكخراوی بەخشین، بەهۆی ڕێگرییەكانی جێگرەكەی بەناوی (مەلا ئاری ئەفەندی) كە كێشەی بۆ دروست دەبوو، چەند جارێكیش كێشە و ناكۆكییەكان براونەتە لای عەلی باپیر، بەڵام چارەسەر نەكرا.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئێستە ئەو بەرپرسانەی ناو كۆمەڵ داوا دەكەن لە سەرۆكی حزب ڕێگرییەكانی بەدەم شێخ فەخرەدین لاببرێت و بگەڕێتەوە سەركاری خۆی، بەپێچەوانەوە دەست لەكاركێشانەوەی گشتی ڕادەگەیەنرێت.
گوشارەكانی سەر فەخرەدین قادر، بریتییە لەوەی ڕێگرە لەچاكسازی و بنەبڕكردنی گەندەڵییەكانی نێو ڕێكخراوی بەخشین دەكرێ.
بەوتەی سەرچاوەكەی ناو كۆمەڵ، لە چەند ڕێ و شوێنی جیاوازەوە گوشار لە شێخ فەخرەدین سكرتێری پێشوی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی ڕێخراوی بەخشین كراوە، بۆ ئەوەی دەست لەكار بكێشێتەوە، تا بەتەواوی ڕێكخراوەكە بكەوێتە،دەست كوتلەی نەهزەكان، هەروەها بێ پرسی شێخ فەخرەدین بەرپرسی بەش و ناوچەكانی ڕێخكراوەكە لادەبرێن و كەسانی دیكەی سەر بە بزووتنەوە دادەنرێت.
جگەلەوەش بێ ئەوەی سەرۆكی ڕێكخراو ئاگادار بێت، لەلایەن بەرپرسانی باڵای حزبەوە لە بوودجەی ئەو ڕێكخراوە خێرخوازییە پارە براوە بۆ حزب واتە كۆمەڵ و ناشی گێڕنەوە.
كێشەكانی ناو كۆمەڵ لە ماوەی پێشوو لە نێوان دوو ئەندامی تریش هەبوو كە باس لە بردنی 25 دەفتەر دۆلار دەكرا.