ئەبوبەكر كاروانی: نزیكبوونەوەی ئاكپارتی و سەرۆكەكەی لە تەوژمی ناسیونالیزمی توركی بەم ڕۆژەی گەیاندن

:: PM:01:35:03/04/2024 ‌
ئاكپارتی بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا، تووشی پاشەكشەیەكی گەورە بووەتەوە، نووسەرێكی كوردی پاشخان ئیسلامی دەڵێـت، نزیكبوونەوەی زۆرتری پارتەكە و سەرۆكەكەی لە تەوژمی ناسیونالیزمی توركی، بەم ڕۆژەی گەیاندن.

ئەبوبەكر كاروانی نووسەر و توێژەری بواری ئیسلامی رای گەیاند، قەیرانی ئابووری و درێژەكێشانی و ڕەنگدانەوەی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیی دەنگدەردا، هۆكاری كەمبوونەوەی متمانەی ئاكپارتی بوو، هاوكات تۆمەتباربوونی بەشێك لە كاربەدەستە حكوومی و حزبییەكان بە گەندەڵی و گۆڕانی بە پرسێكی ڕای گشتی، زیانی زۆری لێ داون.

ئەبوبەكر لە گوتارەكەیدا دەڵێت، پێش هەموو شتێك هێندە نامۆ نییە پارتێك دوای 22 ساڵ لە حوكمڕانی، دووچاری جۆرێك لە شكست و پاشەكشە ببێت، بەڵام ئەوەی پارتەكەی وا لێ كرد، جگە لەو هۆكارانەی سەرەوە كە باسم كردن و ڕاستەوخۆ كاریگەرییان بەسەر بەرەنجامەكان و بیركردنەوەی ئێستەی دەنگدەرەوە هەیە، هۆكاری قووڵتریش هەن كە لە درێژمەودادا ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە گەیشتن بەم چارەنووسە، لەوانەش ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

نووسەر دەنووسێـت، یەكێك لەوانە سازشكردن لەسەر فەلسەفە و ئاراستەی فیكری و پاساوی بوونی حزبەكە دوای شكستەكەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2015دا، ئامادەنەبوونی لایەنی كوردی بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵیدا كە دیارە بە هەڵەیەكی مێژوویی دادەنرێت، بە ناچاری پەنابردنە بەر مەهەپە و هاوپەیمانی دروستكردن لەگەڵیدا كە تا پێش ئەوكاتە خۆیان بە ڕكابەری فیكری و سیاسی یەكتر دەزانی، سێبەری خستە سەر كۆی ئەزموونی حوكمڕانی ئاكپارتی و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر وێنا و ڕۆڵ و داڕشتنی بڕیاری سیاسیدا هەبوو.

نووسەر ئاماژە بەوە دەكات، ئەم سازشە ئاماژەیەكی ترسناك بوو، چونكە سەرەتای دووركەوتنەوەی ئاكپارتی بوو لە بەشێك لە سەرەتا فكری و دیدگە سیاسییەكانی پێشووی، بۆ نموونە نزیكبوونەوەی زۆرتری پارتەكە و سەرۆكەكەی لە تەوژمی ناسیونالیزمی توركی.



وشە - سۆران عەزیز