سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات

:: PM:04:54:03/04/2024 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسانی 2024، لە سەلاحەدین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە خاتوو جنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا، خاتوو جنین پلاسخارت وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئاماژەشی بەوە دا، كە ئاگاداری ئەوەیە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و دووپاتیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە. ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێ پارتی، پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هۆكارەكانی هەڵوێستی پارتی ڕوون كردەوە، ئەوەی خستەڕوو كە دادگای فیدراڵ شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیەنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە. دەبێ مافی پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێت، چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن. پەرلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت پەرلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانی دووپاتى لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا، كە لە هەرێم پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بووە و خۆی لە 1991 لە شاری كۆیە ڕای گەیاندووە، پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراقیش و دووپاتى كردەوە كە لە عێراقدا ڕێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە كاتی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و تا ئێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون. لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەكی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانیان وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكار هێناوە.

لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی بەپێویستی زانی، لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكییەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.

لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە كێشەی مووچەی لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس كردووە و ناكرێ جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس بكات. هەروەها پێشنیاریشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

لەو كۆبوونەوەدا هەردوولا دووپاتیان لەوە كردەوە، بۆ پاراستنی پڕۆسەی دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێم پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن.


وشە - وشه‌