دوای هێرشەكەی دیمەشق ئێران بەنیازی چییە؟

:: PM:05:51:03/04/2024 ‌

دووشەمی رابردوو ئیسرائیل گورزێكی گەورەی لە بوونی سەربازیی ئێران لە سووریا دا و چەند فەرماندە و راوێژكاری سەربازیی سوپای پاسدارانی لە دیمەشق كوشت، لەوانە فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سووریا و لبنان، ئێران وەك هەموو جارێك بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی داوە، بەڵام بەنیازی چییە؟

راستەوخۆ دوای هێرشەكە و ئەمڕۆش ئێران دووپاتی لە هەڕەشەكانی لە ئیسرائیل كردەوە، كاتێك ئیسماعیل كەوسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە دیدارێكی رۆژنامەوانی گوتی، تاران مافی هەیە لە شوێنی گونجاو وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، چونكە پێشێلی زەقی رێككەوتننامەی 1961ی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە، كە لێدانی كونسوڵگە و باڵوێزخانەكان وەك داگیركردنی خاكی وڵاتان وایە.  

كەوسەری روونی كردەوە، ئێران مافی وەڵامدانەوەی هەیە، بەڵام لە كات و شوێنی گونجاو، بۆیە دەبێت ئیسرائیل باجی كارەكانی بدات، ئاشكرای كرد چەندان لایەنی بەرەی بەرگریكاری وەڵامی دەدەنەوە و ئەگەر پێویست بكات ئێران خۆشی وەڵامی دەبێت، پێویستە ئەندامانی سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان زوو كۆ ببنەوە و مامەڵەی توندیان لەگەڵ ئەنجامدەرانی هێرشەكە هەبێت، چونكە ئەو جۆرە هێرشە بێ رەزامەندیی ئەمەریكا ناكرێت.

ئەگەرچی بەم دواییە رەمەزان شەریف، گوتەبێژ بەناوی سوپای پاسداران رای گەیاند كە بەمنزیكانە وەشاندنی گورزی گەورەتر لە ئیسرائیل دەبینین و بەرەی بەرگریكاری ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات، میدیاكانی ئێران رایان گەیاند كە ژمارەیەك دروشم لە شەقامەكانی تاران بڵاو كراونەتەوە و داوای تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەكەن، لەوانە دانانی وێنەی پێنج فەرماندەی سوپای ئیسرائیل، وەك ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە هێرشەكەی دیمەشق و لە تەنیشت وێنەكانیش نووسراوە، تۆڵە دەكەینەوە.

وێنەكان لەو شەقامانە دانراون كە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتانەیان تیادایە كە پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، لەناو وێنەكان وێنەی یواف گالانت، وەزیری بەرگریی و هرتسی هالیفی، سەرۆكی ئەركانی گشتی و چەند فەرماندەیەكی هێزی دەریاوانی و ئاسمانیی ئیسرائیل هەن، ئەوە جیا لە هەڕەشەكانی عەلی خامنەیی، رابەری گشتیی شۆڕشی ئێران و بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە بەوەی تۆڵە دەكەنەوە.

سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەكە، چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە ناوەندی خاوەن بڕیار لە ئێران باسی ئەوە دەكەن كە ئەمجارە ئێران بڕیاری داوە تۆڵە بكاتەوە، بەڵام شێواز و ئامانج و كاتی تۆڵەكردنەوەكە نهێنییە، كاتێك ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی داوای لە لایەنە سەربازی و تەناهییە پێوەندیدارەكان كردووە بۆ دیاریكردنی چەند ئامانجێكی ئیسرائیلی و دیاریكردنی پێوەر و سروشتی ئەو ئامانجانە، بەشێوەیەك كردنەئامانجیان نەبێتە هۆی پەرەسەندنی دۆخەكە و دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەیەكی گەورە لە ناوچەكە، ئەوە ئەگەر وەڵامدانەوەكە ببێتە كردەنی.

سەرچاوەكان باسی ئەوەیان كرد كە حكوومەتی ئێران لە نامەیەك لە رێگەی سویسرا و عومانەوە، ئەمەریكای ئاگەدار كردووەتەوە كە وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل دەداتەوە، بۆیە نابێت ئەمەریكا بێتە ناو بابەتەكەوە، چونكە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە تەواوی ناوچەكە دەكەوێتە مەترسییەوە و ناوچەكە گڕ دەگرێت، ئێستەش ئێران چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەرمی كوژراوانی لە سووریا دەكات و دەست بە وەرگرتنی رێوشوێنی خۆپارێزی لە ناوچەكە دەكرێت، بۆیە ئەگەر ئێران لە هەڕەشەكانی پاشگەز نەبێتەوە، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو ئێران هەڕەشەكانی جێبەجێ بكات، بەتایبەتی لە "رۆژی قودس"، كە دەكەوێتە دوایین هەینی مانگی رەمەزان، واتە دوو سبەی یان شەوەكەی.  

ئەو لایەنانەی نامەكەی ئێرانیان بۆ ئەمەریكا گواستووەتەوە، روونیان كردەوە كە ئێران داواكارییەكانی ئەمەریكای رەت كردووەتەوە، بەڵام دووریش نییە لە دوا ساتەكان ئێران لە جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی پاشگەز بێتەوە.

دوای هێرشەكەی دووشەمی رابردووی دیمەشق، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە ئەو هێرشەی بووە هۆی كوژرانی محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سووریا و لبنان و هاوەڵانی، كۆبوونەوەیەكی نهێنیی ئەو ئەفسەرانە و هەواڵگری ئێران و ژمارەیەك بەرپرسی گرووپی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی لە تەلارێكی نووساو بە تەلاری باڵوێزخانەی ئێرانی لە دیمەشق كردووەتە ئامانج، ئەو زانارییانەی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە بەوەی تەلارە بۆردمانكراوەكە نە باڵوێزخانەیە و نە كونسوڵگە.

لە 20ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ئیسرائیل لە سووریا حوجەتوڵا ئومێدەوار و عەلی ئاغازادە و حوسێن محەمەدی و سەعید كەریمی و راوێژكارێكی تری كوشت، بەر لەو هێرشەش رەزی مووسەوی، فەرماندەی دیاری سوپای پاسدارانی لە هێرشێكی تری ئاسمانی لە دیمەشق كوشت، بەپێی ئاماری رۆژنامەكانی ئێران لە 2015ەوە زیاتر لە 20 فەرماندەی سەربازیی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سووریا كوژراون.

دوای هێرشەكەی دووشەمی دیمەشق، سوپای پاسداران ناسنامە و ژمارەی كوژراوانیی هێرشەكەی ئاشكرا كرد، كە لەو هێرشەدا حەوت ئەفسەر و راوێژكاری سەربازی كوژراون، ئەوانیش هەردوو جەنەراڵ و راوێژكار محەمەد رەزا زاهیدی و محەمەد هادی حاجی رەحیمی و پێنج لە هاوەڵانیانن كە بریتین لە، حوسێن ئەمان ئەڵاهی و سەید مەهدی جەلالەتی و موحسین سەداقەت و عەلی ئاغا بابائی و سەید عەی ساڵحی رۆژبهانی، كە دواتر سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ زیادبوونی ژمارەی كوژراوان بۆ 13 كوژراو كرد.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل