لە كوردستان پڕۆژەی وەرگێڕانی كتێبی سینەمایی دەستی پێ كرد

:: PM:01:28:07/04/2024 ‌
رێكخراوی ئای فیلم لە چوارچێوەی پڕۆژەی وەرگێڕانی كتێبی سینەماییدا، كتێبێكی نوێی بڵاو كردەوە، كە باس لە ژیان و كاری هونەریی یەكێك لە دیارترین دەرهێنەرەكانی سینەمای ئیتاڵیا دەكات.

"پازۆلینی لە زمانی پازۆلینییەوە"، لە چوارچێوەی پڕۆژەی وەرگێڕانی كتێبی سینەماییدا، یەكەم كتێبی زنجیرەكەیەتی، ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنێكی سینەماییە لەگەڵ دەرهێنەری دیاری سینەمای ئیتاڵیا، پییەر پاولۆ پازۆلینی كە لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووس جۆن هاڵیدەی، ئامادە كراوە و بە ژانرای ئۆتۆبایۆگرافیی نووسراوەتەوە.

ئاوارە عومەر بەرپرسی هونەریی رێكخراوی ئای فیلم، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو سینەماكارە لەسەر قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی خۆی و كار و فیلمە سینەماییەكانی وەستاوە و گۆشەنیگای خۆی لەبارەی تەكنیك و شێوازەكانی بەرهەمهێنانی فیلم دەخاتەڕوو.

پڕۆژەی وەرگێڕانی كتێبی سینەمایی سەفین قانع سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەیە، نووسەر و وەرگێڕ حەمەی مەلا وەریگێڕاوە.

رێكخراوی ئای فیلم رێكخراوێكی سینەمایی ناحكوومیی قازانج نەویستە، ساڵی 2021 دامەزراوە، هاوتای بەرهەمهێنانی فیلم و كاری سینەمایی، بەشی فیكر و ئەدەبیات لەخۆ دەگرێت و لەڕێی وەرگێڕانی كتێبی سینەمای، كۆڕ و سیمینارەوە كار بۆ بەهێزكردنی كولتووری سینەمایی دەكات، یەكەم چالاكیش بریتییە لە وەرگێڕانی زنجیرەی كتێبی سینەمایی و كتێبی "پازۆلینی لە زمانی پازۆلینییەوە"، یەكەم كتێبی پڕۆژەكەیە.



وشە - سۆران عەزیز