ئەو مووشەكانەی ئێران بۆ ئیسرائیلی ئامادە كردوون

:: PM:04:43:09/04/2024 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئیسرائیل ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سووپای پاسدارانی لەناو تەلارێكی سەر بە كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق كوشت، ئێران بە تەواوی بەرپرسانییەوە هەڕەشەی تۆڵكەكردنەوەیەكی بەهێز دەكەن، ئەگەرچی چاودێران پێیان وایە تا وەڵامدانەوەكە دوا بكەوێت گوڕ و هێزەكەی لەدەست دەدات، بەڵام چەند شارەزایەكی ئێرانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەردەبێت تاران وەڵام بداتەوە و ئاماژە بۆ ئەو مووشەكانەی وڵاتەكەیان دەكەن كە مەودایان دەگاتە خاكی ئیسرائیل.

ئەگەرچی قەبارە و سروشتی وەڵامدانەوەكەی ئێران دیار نییە، ئاخۆ راستەوخۆ و سەربازییانە بۆ ئیسرائیل دەبێت یان كردنەئامانجی بەرژەوەندی و نوێنەرایەتییەكانی لە دەرەوە یان لە رێگەی میلیشیاكانی لە ناوچەكەدا، بەڵام تاران نۆ جۆر مووشەكی هەیە كە مەودایان لە نێوان 1400 كیلۆمەتر بۆ دوو هەزار كیلۆمەترە و لە ئێرانەوە دەگەنە خاكی ئیسرائیل.

یەكێك لە كێشەكانی بەردەم ئێران لە ئەگەری بەكارهێنانی مووشەكەكانی بۆ بۆردمانكردنی ئیسرائیل، ترسی تارانە لەوەی لە شكاندنی سیستمی بەرگریی مووشەكیی ئیسرائیل شكست بێنین و نەگەن بە ئامانجەكانیان و خاڵی لاوازیان بەدیار كەوێت، ئەوەش متمانە بە چەكەكانی لەدەست دەدات و بۆ لەمەودوا ئیسرائیل زیاتر هێرش دەكاتە سەر ئێران، بۆیە هەر هێرشێكی مووشەكیی ئێران تاقیكردنەوەیە بۆ توانا و كوالێتی مووشەكەكانی كە لافیان پێ لێ دەدات، بەوەی ئامانجەكانیان بە وردی و زۆر بە خێرایی دەپێكن.

مورتەزا مووسەوی، شارەزای سەربازیی ئێرانی پێی وایە دەبێت ئێران وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، بەپێی زانیارییەكانیشی وەڵامدانەوەكە تێكهەڵكێش دەبێت، واتە بە چەند شێوەیەك لە یەك كات دەبێت، هێرشێكی چڕی مووشەكی بە چەند قۆناغێك، سێ بۆ پێنج قۆناغ، لەگەڵ هێرشی سیبرانی و جەنگی ئەلیكترۆنی، بەگشتی هێزەكانی ئێران ئامراز و تەكتیكی نوێ بەكاردێنن كە پێشتر بەكار نەهاتووە، لەوەش زیاترە وەك پلانی بۆ داڕێژراوە ئەگەر ئیسرائیل وەڵامی هێرشەكانی ئێران بداتەوە، تەواوی بەرەی بەرگریكاری لە عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن دێنە ناو شەڕەكە، بۆیە ئێران ئەمەریكای لە فرەوانكردنی شەڕ وریا كردووەتەوە.

لەبارەی گرنگترین مووشەكەكانی ئێران كە مەودایان دەگاتە خاكی ئیسرائیل گوتی، چەند جۆرە مووشەكێك هەن مەودایان لە نێوان 1400 بۆ 2000 كیلۆمەترە، لەوكاتەی دووری تەلئەبیب لە نزیكترین بنكەی سەربازیی ئێران 1100 كیلۆمەترە، بەگشتی نۆ مووشەكی لەو جۆرە هەن ئەوانیش:

1-سجیل، مووشەكێكی بالیستیی دوورمەودای زەوی بۆ زەوییە و مەوداكەی لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 كیلۆمەترە، درێژییەكەی 57.17 مەتر و تیرەكەی 1.25 مەتر و كێشی 23 تۆنە، كڵاوەیەكی جەنگی 500 كیلۆگرامی هەڵگرتووە و خێراییەكەشی لە نێوان 12 بۆ 14 ماخە، واتە 1225 كیلۆمەتر لە سعاتێك، ماوەی نێوان دامەزراوەی نەتنزی ئەتۆمی لە ئەسفەهان و تەلئەبیب بە حەوت خولەك دەبڕێت. 

2-موشەكی خورەم شەهر4، ناوەكەی تری خەیبەرە و مووشەكێكی بالیستیی زەوی بۆ زەوییە و مەوداكەی دوو هەزار كیلۆمەترە، درێژییەكەی 13 مەتر و تیرەكەی 1.5 مەتر و كێشی 30 تۆنە، كڵاوەیەكی جەنگی 1500 كیلۆگرامی هەڵگرتووە و خێراییەكەی لە دەرەوەی بەرگی هەوا 16 ماخە و لە ناوەوەشی هەشت ماخ.

3-مووشەكی بالیستیی حاجی قاسم، مەوداكەی 1400 كیلۆمەترە و درێژییەكەی 11 مەتر و تیرەكەی 85 بۆ 95 سەنتیمەترە و خێراییەكەی پێنج ماخە، كڵاوەیەكی جەنگی 500 كیلۆگرامی هەڵگرتووە.

4-مووشەكی خەیبەر شكن، یان تێكشكێنەر، مەوداكەی 1450 كیلۆمەترە و درێژییەكەی 5.10 مەتر و تیرەكەی 800 ملیم و كێشی 4500 كیلۆگرامە، كڵاوەیەكی جەنگی 500 كیلۆگرامی هەڵگرتووە، خێراییەكەی دەگاتە زیاتر لە پێنج هەزار كیلۆمەتر لە سعاتێكدا. 

5-مووشەكی پاوە، مووشەكێكی كرووزی باڵدارە و نوێترین مووشەكەكانی ئێرانە مەوداكەی 1650 كیلۆمەترە و توانای شێواندنی سیستمەكانی بەرگری هەیە، لە دووری 300 بۆ 500 كیلۆمەتر لە ئامانجەكەی بزوێنەری كار دەكات.

6- مووشەكی فەتاح 2، مەوداكەی زیاتر لە 1400 كیلۆمەترە و درێژییەكەی 12 مەتر و تیرەی بەشی یەكەمی 80 سانتیمەتر و بەشی دووەم 50 سانتیمەترە، خاوەن كڵاوەیەكی جەنگی 500 كیلۆگرامە و خێراییەكەی لە سەرووی پێنج هەزار كیلۆمەترە لە سعاتێكدا.

7-مووشەكی قەدر، مووشەكێكی دوور مەودای بالیستیی زەوی بۆ زەوییە و مەوداكەی دوو هەزار كیلۆمەترە و درێژییەكەی 15.86 مەتر و تیرەكەی 1.25 مەتر و خاوەنی كڵاوەیەكی جەنگیی 700 بۆ هەزار كیلۆگرامە و خێراییەكەی نۆ ماخە. 

8-مووشەكی عیماد، مەوداكەی 1700 كیلۆمەترە و درێژییەكەی 5.15 مەتر و تیرەكەی 2.18 مەترە، كێشی ئەو مووشەكە 1750 كیلۆگرامە و مووشەكێكی بالیستیی زەوی بۆ زەوییە.

9-مووشەكی شەهاب3، مووشەكێكی زەوی بۆ زەوییە و مەوداكەی لە دوو هەزار كیلۆمەتر زیاترە، درێژییەكەی 16 مەتر و تیرەكەی 1.2 مەتر و كێشی 1780 كیلۆگرامە، توانای هەڵگرتنی كڵاوەیەكی جەنگی تا هەزار كیلۆگرامی هەیە و خێراییەكی زۆرە و وردییەكی گەورەی لە پێكان هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل