ئەمیندارى فەتواى خانەى فەتوای میسر، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەوەی فریشتەی مەرگ چۆن ڕۆحی مرۆڤ دەکێشێت و چۆن لە یەک کاتدا زیاتر لە ڕۆحێک دەکێشێت، ئەمەش دەرگای مشتومڕی لەسەر نهێنیی "ڕۆح" و کێشی ڕۆح کردەوە.
د.محەمەد عەبدول سامی ئەمیندارى فەتوا لە میسر، لەمیانی بەرنامەیەکدا کە لە کەناڵی "
ئەلناس"ی ئاسمانی کە دوێنێ پێنجشەم پەخش کرا گوتی، ڕۆح نهێنییەکە بە جەستەی مرۆڤدا دەڕژێت وەک چۆن ئاو بە ڕووبارێکی سەوزدا دەڕژێت، لە تاقیکردنەوەکەیدا زانایەکی فڕەنسی پشکنینی کێشی ڕۆحی مرۆڤی کردووە و ئاشکرایکردووە کە یەکسانە بە یەک گرام.
زیاتر گوتى، ئەو زانا فڕەنسییە تاقیکردنەوەیەکی ئەنجامدا بۆ کێشکردنی جەستە کە ڕۆحی تێدایە، دوای ئەوەی ڕۆحەکە دەرچوو، سەرەتا ڕۆح لە پێی کەسەکە دێتە دەرەوە و پاشان لە کۆتاییدا لە سەر و مێشک دەردەچێت، تاوەکو ژیانی تێدا نامێنێت و چیدی و کەس ناتوانێت بیگەڕێنێتەوە بۆ ژیان.
د.محەمەد لە گوتەکانیدا فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام بە نموونە دەهێنێتەوە کە دەفەرمووێ: "ئەی جابیر بۆچی دەتبینم تێکشکاویت، وتم: ئەی پێغەمبەری خودا باوکم شەهید بوو، لە ڕۆژی ئوحوددا کوژرا، منداڵ و قەرزی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە. پێغەمبەر فەرمووى: ئایا مژدەی ئەوەت پێ بدەم کە باوکت بەچی دەگات بە خودا؟ گوتم: بەڵێ ئەی پێغەمبەری خودا، گوتی: خودا هەرگیز لەگەڵ کەس گفتوگۆی نەکردووە مەگەر لە پشت پەردەی خۆیەوە نەبێت و باوکتی زیندوو کردەوە و پێی فەرموو: ئەی بەندەکەم، ئاواتێک بخوازە و منیش پێت دەبەخشم، گوتی: ئەی پەروەردگار، زیندووم بکەرەوە، تاوەکو بۆ دووەمجار لە پێناوتدا بکوژرێم. پەروەردگاری بەرز و پیرۆز فەرمووی: بەڕاستی پێشتر لە منەوە بڕیار دراوە کە ناگەڕێنەوە بۆ ژیان، وە ئەم ئایەتە دابەزی کە دەفەرمووێ: وا نەزانن ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا کوژراون مردوون.
ئەم باس و بەڵگانەی کە ئەمیندارى فەتواى میسر هێناویەتییەوە ئاراوە، ڕەنگە مشتومڕ دروست بکەن، بەتایبەتی ئەوەی لەبارەی ڕۆحەوە زانراوە ئەوەیە، جگە لە خودا کەس نهێنییەکەی نازانێت، وەک لە قورئاندا هاتووە: پرسیارت لێ دەکەن لەبارەى ڕۆح. بڵێ: ڕۆح لە فەرمانی پەروەردگارمەوەیە و زانستتان پێ نەدراوە تەنها کەمێک نەبێت.