دوو شارەزای كەشناسیی كوردی و عێراقی كۆكن لەسەر ئەوەی كە لە یەكشەمەوە شەپۆلێكی تری باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە بەهۆی چالاكبوونی كاریگەرییەكانی شەپۆلی دەریای رەش و ئاوێتەبوونی لەگەڵ شێی دەریای ناوەڕاست و كەشناسێكی تریش پێشبینی دەكات لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە هەندێك شاری عێراقدا هاوین سەری خۆی دەربخات و پلەكانی گەرما بۆ 40 پلەی سیلیزی بەرز ببنەوە.
ئەمڕۆ هەینی 12ی نیسانی 2024، هەر یەك لە محەمەد كەلاری شارەزای كەشناسیی كوردی و عەلی جابر زیادی شارەزای كەشناسیی عێراقی بە جیا لە دوو بڵاوكراوەدا پێشبینی خۆیان لەبارەی كەشی پێشبینیكراو بۆ هەفتەی ئایندە بڵاو كردووەتەوە.
بەپێی پێشبینی هەردوو كەشناسە كورد و عێراقییەكە، یەكشەمی داهاتوو شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ و خێرا كوردستان و بەشێك لە شارە عێراقییەكان دەگرێتەوە.
بەپێی كەشناسە عێراقییەكە، كاریگەری شەپۆلەكە تا سێشەمی داهاتوو بەردەوامیی دەبێت و دواتر كەشوهەوا بەرەو سەقامگیری دەڕوات و ئاماژەیشی داوە كە لە 19ی ئەم مانگەوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە و كەشی هاوینە و گەرما دەست پێ دەكات.
لەلایەكی تریشەوە جیا لە پێشبینی "كەلاری و زیادی" حوسەین ئەسەدی كەشناسێكی تری عێراقییە و پێشبینی كردووە كە ناوەڕاستی هەفتەی ئایندە لە بەشێك لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، پلەكانی گەرما نزیك ببنەوە لە 40 پلەی سیلیزی.
لای خۆشییەوە هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بەشی پێشبینییەكان بڵاوی كردەوە، سبەی شەموو ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و خێرایی باش لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت بەشێوەیەكی گشتی.
هاوكات بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراوی بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بڵاو كردووەتەوە كە بەم شێوەی خوارەوەن:
هەولێر : 25
سلێمانی : 23
دهۆک : 24
زاخۆ : 25
هەڵەبجە : 24
کەرکوک : 29
سۆران : 24
حاجی ئۆمەران : 14
گەرمیان : 30