پێنج ڕێگە بۆ ئەوەی مووچەكەت بەشت بكات

:: PM:07:09:13/04/2024 ‌

زۆرینەی مووچەخۆران و تەنانەت ئەوانەش كە ئیشی تایبەتی خۆیان هەیە، ئەو پارەیەی مانگانە دەستیان دەكەوێت، هەرچەندە لێكی دەدەنەوە، زۆر كەمترە لە خەرجییەكانیان و بەشیان ناكات، ئەمە لە كاتێكدا دۆخی دروست ئەوەیە، لەسەروو خەرجییەكانتەوە هەندێكیش پاشەكەوت بكەیت. 

لێرەدا پێنج ڕێگە دەخەینە ڕوو كە دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانیت باشتر مامەڵە لەگەڵ مووچەكەتدا بكەیت و لە كۆتایی ساڵیشدا پاشەكەوتێكت هێشتبێتەوە:

یەكەم: دیاریكردنی بودجەی ساڵێك، بە كۆكردنەوەی مووچەی ساڵەكە، پاشان دیاریكردنی پێداویستییە بنەڕەتییەكانی وەك كرێی خانوو، بەنزین، كارەبا، ئینتەرنێت... پاشان دیاریكردنی ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە.

دووەم: دیاریكردنی ئامانجێك كە پێویستە لە كۆتایی ساڵەكەدا بیكەیت. بۆ نموونە گۆڕینی ئۆتۆمبێل، قەرزدانەوە، گۆڕینی مۆبیلیاتی ماڵ... هەروەها دیاریكردنی ئەو پارەیەی كە پێویستە بەپێی پارەكەی لە بەردەستتدایە كە پێشتر دیاریت كردووە.

سێیەم: دیاریكردنی خەرجییەكانی ڕۆژانە زۆر بە وردی، بە شێوەیەك تەنیا شتی بنەڕەتی تێدا جێ بكەیتەوە و هەوڵ بدەیت خۆت لەدەست هەموو خەرجییەكی لابەلا ڕزگار بكەیت.

چوارەم: هەموو مانگێك پێش ئەوەی خەرجییەكانت دەست پێ بكەیت، نرخێك دیاری بكە كە ئەمە بۆ هەڵگرتنە و لە دەخیلەیەكدا بیشارەوە. ئەمە نابێت هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا بێت و پێویستە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

پێنجەم: دانانی پلانێك بۆ دانەوەی قەرزەكانت، یان ئەو شتانەی دەتەوێت تا ساڵ كۆتایی دێت بیانكڕیت، ئەویش بەپێی ئەو پارەیەی لە دەخیلەكەدا داتناوە.

بۆ نموونە مانگانە داهاتی ئێوە یەك ملیۆن دینارە، بەڵام مانگانە ملیۆنێك و 200 هەزار خەرجیتە و پێنج ملیۆن دیناریش قەرزاریت. لە كۆتایی ساڵدا، قەرزەكەت دەبێتە سەروو حەوت ملیۆن. بەڵام ئەگەر ئەم پلانەت دانا. لەپێشدا هەموو مانگێك 200 هەزارت خستە دەخیلەیەكەوە، پاشان بەو 800 هەزارە، خەرجییە بنەڕەتییەكانت لێ دا و شتێكیشت بۆ خەرجیی ڕۆژانە دیاری كرد. دەبینیت بە هەمان ئەو پارەیە، كۆتایی ساڵ نیوەی قەرزەكەت داوەتەوە و هیچ پارەیەكی تریشت قەرز نەكردووە.



وشە - عەبدوڵا عومەر