"لە ماوەی 19 ساڵی رابردوو سەرۆك كۆمار كوردە و مەڵۆیەكی نەخستووەتە سەر خەرمانی ئەنفال"

:: AM:12:07:14/04/2024 ‌

لە ساڵوەگەڕیی شاڵاوی بەدناوی ئەنفالدا، كە رژێمی بەعسی رووخاو بەرانبەر بە هاووڵاتییانی گەرمیانی جێبەجێ كرد، حەسەن عەلی فەرەج، یەكێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوانی ئەو دەڤەرە، خەڵكی گوندی ئۆمەربلە لە گەرمیان كە 253 كەسیان ئەنفال كراوە، لە دیمانەیەكی "وشە"، تیشك دەخاتە سەر ستەملێكراویی كەسوكاری ئەنفالكراوان و دووپاتی دەكاتەوە كە لە ماوەی 19ساڵی رابردوو سەركۆماری عێراق كوردە، كەچی مەڵۆیەكی نەخستووەتە سەر خەرمانی ئەنفال.

*سبەی چۆن یادی ئەنفال دەكەنەوە؟

سەردانی مەزاری ئەنفالكراوان دەكەین و هیچ وتارێك نادرێت، تەنیا چەند تاجەگوڵینەیەك دادەنرێت.

* لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاوە كە رێگە نادرێت بەرپرسان بێنە سەر مەزاری ئەنفالەكان، ئەگەر رێگە نادەن هۆكار چییە؟

ئەوانەی دەیانەوێ رێگری بكەن، ژمارەیەكی كەمن لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكەن، ئێمە وەك كەسوكاری ئەنفالكراوان و وەك تاقانەكانی ئەنفال و وەك كۆمەڵەی داكۆكی لە پرسی ئەنفال، دژ بەو رێگریەین كە لە رابردوو یان ئێستەش ئەنجام بدرێت، ئێمە خاوەن قوربانین و رێزی قووربانییەكان و هەموو مێوانە بەڕێزەكان دەگرین، چ لە كوردستان و چ لە دەرەوە تەشریف بێنن، بۆیە ئەو رێگری و ئاژاوانە دوورە لە كاری ئێمە، ئێمە خاوەن پرسەین و نابێت بۆ هەندێك داواكاریی كەسی و لاوەكی خۆمان بچووك بكەینەوە. 

ژمارەیەك دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان داوای دامەزراندن دەكەن كە نەوەی ئەنفالن، ئێمە پشتیوانین بۆ داواكاری و دامەزراندیان، بەڵام تا سەر ئێسقان دژی ئەو رێگریەین، دەبێت ئیدارەی گەرمیان بە كاری خۆی هەڵسێت و زەعیف و شەرمن نەبێت لە ئاستی چەند كەسێكی كەم.

*ئیدارەی ناوچەكە كەمتەرخەمی بەرانبەر كەسوكاری ئەنفالەكان هەبووە؟

بەڵێ لە پێدانی زەوی بە زیندانیانی سیاسی و ئەنفال زۆر كەمتەرخەم بوونە، بە راست و چەپدا زەوی تەخشان و پەخشان دەكرێت، بەڵام بۆ چەند سەت پارچەیەك زەوی، چەندین ساڵە دەستی دەستی بەو خەڵكە دەكەن.

* پێویستە چی بۆ كەسوكاری ئەنفال بكرێ و لە چیتان كەمە؟

حكوومەتی هەرێم كاری رژد لەسەر بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بكات زۆر داخوازیی ئێمە بەجێ دێنێت، لەوانە هێنانەوەی روفاتەكان و قەرەبووی مادی و مەعنەوی و گرتنی تۆمەتبارانی ئەنفال كە ناویان لە دادگای باڵای تاوانەكان هاتووە، ئەنفال پرۆسەیە و دەبێت حكوومەتی هەرێم بیكاتە پڕۆژەیەكی ستراتیجی نەتەوەی كورد.

*كێ بە كەمتەرخەم دەزانن لەوەی تا ئێستە حكوومەتی عێراق، كە میراتگری بەعسە، قەرەبووی ئەنفالی نەكردووەتەوە؟

ناڕێكیی ناوماڵی كورد، سەرۆك كۆماری عێراق، هەموو ئەندام پەرلەمان و وەزیرەكانی كورد لە بەغدا زۆر كەمتەرخەمن، ئەوان تەنیا بەرانبەر بە حكوومەتی هەرێم قسە دەكەن و بەرانبەر بەغدا قسە ناكەن، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان و سەرۆكایەتیی هەرێم كاری رژد لەسەر پرسی ئەنفال بكەن، بە تایبەتی سەرۆك كۆمار، لە ماوەی 19ساڵی رابردوو كە ئەو سەرۆك كۆمارە كوردە مەڵۆیەكی نەخستووەتە سەر خەرمانی ئەنفال.

*ئایا نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق هیچ رۆڵێكیان لە بەدەستهێنانی مافەكانتان بینیوە؟

نەخێر وەك پێویست وەڵامی تەلەفونەكانیشمان نادەنەوە، هاوسەفەرمان نین بۆ سەردانیكردنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان جگە لە چەند كەسێكی كەمیان نەبێت، كە خۆیان كەسوكاری شەهید و ئەنفالن یان خۆیان گەرمیانین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل