بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای دەگەیەنێت، لە ئێستەوە دەست بە گۆڕانكاریی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەكرێت و تابلۆی نوێ بۆ شوفێران چاپ دەكرێت.
لە ساڵی 2023دا وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی، رێككەوتن كە تابلۆی ئۆتۆمبێل هاوشێوەی یەكی لێ بكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی رابردوو بڕیارەكەی خستە بواری جێبەجێكردن، حكوومەتی عێراقیش بڕیاری داوە لە ئەمڕۆوە بڕیارەكە بخاتە بواری جێبەجێكردن.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی نیسان، زیاد قەیسی بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی گشتیی عێراق رای گەیاند، لە مانگی نیساندا بەڕێوەبەرایەتییەكە دەست بە چاپكردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە زمانی ئینگلیزیی شێوە نوێیەكە دەكات.
زیاتر گوتی، قۆناغی یەكەم لە بەغدا دەبێت، دواتر بەپێی بەرنامەی دیاریكراو یەك لە دوای یەك لە تەواوی پارێزگاكان جێبەجێ دەكرێت.
روونی كردووەتەوە، تابلۆ نوێیەكە ناوی عێراقیان لەسەرە و شێوەی چوارگۆشەیان دەبێت و لەبری ناوی پارێزگاكان، هێمایەكیان لەسەرە كە ژمارەیە و بە زمانی ئینگلیزی دەبێت.