نه‌فتالی بینێت: ده‌بێ سیاسه‌تمان بگۆڕین و ئه‌مجاره‌ له‌ تاران و سه‌ری ئه‌خته‌بووته‌كه‌ بده‌ین

:: AM:11:18:15/04/2024 ‌
نه‌فتالی بینێت سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئیسرائیل پێی وایه‌، ده‌بێ ئیسرائیل زۆر به‌ توندی وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌ی ئێران بداته‌وه‌ كه‌ كردیه‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی، ددانی به‌وه‌ نا كه‌ هه‌ڵه‌ی ستراتیجیی ئیسرائیل له‌ سێ ده‌یه‌ی رابردوودا ئه‌وه‌ بووه‌ به‌رده‌وام له‌ ده‌ست و پێیه‌كانی ئه‌خته‌بووته‌كه‌ی داوه‌ و كاری به‌سه‌ری نه‌بووه‌.

ئه‌و پێداگریی كرد كه‌ ده‌بێ له‌مه‌ودوا ئیسرائیل گۆڕانكاری به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی خۆیدا بێنێت و هه‌ر مووشه‌كێك كه‌ له‌لایه‌ن حه‌ماس یان حزبوڵاوه‌ كرایه‌ سه‌ر ئیسرائیل، ئه‌وا ده‌بێ تاران به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێ و به‌هۆیه‌وه‌ سزا بدرێت.

كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌و هێرشه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كرد
بینێت ده‌ڵێ، ''كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌و هێرشه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كرد، حكوومه‌تی ئێران له‌ رێی به‌كرێگیراوه‌كانی له‌ رابردوودا ناوچه‌كه‌ی وێران كردووه‌، سه‌ری ئه‌خته‌بووت ''هه‌شتپێ''یه‌كه‌ له‌ تارانه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ لبنان، یه‌مه‌ن، عێراق، سووریا و غه‌زه‌ پێیه‌كانیه‌تی كه‌ ئاماده‌ن له‌ پێناو مه‌لاكانی تاران، هانا بۆ هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی ببه‌ن.''

ئه‌و كه‌ ماوه‌یه‌كیش وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل بووه‌، ئاماژه‌ی دا چاوه‌ڕوانییان نییه‌ كه‌س له‌ جێی ئیسرائیل بجه‌نگێت و خۆیان جه‌نگه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا چاوه‌ڕوانیی پشتیوانییان له‌ هاوپه‌یمانه‌كانیان هه‌یه‌ .

سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئیسرائیل له‌ كاتێكدا ئه‌و قسانه‌ ده‌كات، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ دواین هه‌ڵوێستیدا به‌ ئیسرائیلی گوتووه‌ ئه‌گه‌ر هێرش بكاته‌ سه‌ر ئێران و وه‌ڵام بداته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌مه‌ریكا له‌ هیچ ئۆپراسیۆنێكدا به‌شداری ناكات.

قسه‌كانی بینێت ده‌كرێ قسه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌ سه‌ربازییانه‌ی ئیسرائیل بێت كه‌ ته‌نانه‌ت ناكۆكییان له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌یه‌.

پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌ هه‌فته‌كانی رابردوودا زۆر ئاڵۆز بوون، كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی جاك شومه‌ر رێبه‌ری زۆرینه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا، داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی له‌ ئیسرائیل كرد.

بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ سیستمی به‌رگریی ئیسرائیل و دواجار ئیسرائیلییه‌كان بكوژن.
بینێت روونی كرده‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی رای زۆر له‌ چاودێرانی سیاسی كه‌ وای لێك ده‌ده‌نه‌وه‌، هێرشه‌كه‌ی ئێران ته‌نیا بۆ هاشوهووش بووه‌ و پێشتر دیزاین كراوه‌ و هیچ زیانێكی نه‌بووه‌، به‌ڵام خۆی بۆچوونی تری هه‌یه‌ و پێی وایه‌ ئاراسته‌كردنی 350 مووشه‌كی جیاواز و درۆن به‌ره‌و ئیسرائیل، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ سیستمی به‌رگریی ئیسرائیل و دواجار ئیسرائیلییه‌كان بكوژن.

''ئه‌مه‌ریكا پێمانی گوتووه‌ ئه‌وه‌ی رووی داوه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئیسرائیل و پێویست ناكات هیچ وه‌ڵامێك بده‌نه‌وه‌، به‌ڵام من پێم وایه‌ راسته‌ سیستمی به‌رگریی ئیسرائیل سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌ڵام به‌گشتی من ئیسرائیل به‌ سه‌ركه‌وتوو نازانم، چونكه‌ كاتێك شه‌قاوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ 350 مستت لێ بدات و به‌گشتی ته‌نیا حه‌وت مستت به‌رده‌كه‌وێت، كه‌وایه‌ ئه‌وه‌ی پێی كه‌وتووه‌ براوه‌ نییه‌ و دوژمن جارێكی تر به‌ تاكتیك و شێوازی جیاوازتر له‌وانه‌یه‌ په‌لامارت بداته‌وه‌.'' نه‌فتالی بینێت وای گوت.

ئه‌و له‌ راپۆرتێكدا كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌و كچه‌ ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵه‌ ده‌كات كه‌ كچێكی مسوڵمانه‌ به‌ ناوی ئامینه‌ حه‌سوونی و گیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌، ده‌ڵێ عه‌لی خامنه‌یی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و كچه‌ هێناوه‌.

بینێت ده‌ڵێت، ''دوژمنی ئێمه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ و ئه‌و رژێمه‌ رژێمی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت له‌ ساڵی 1985مان بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ تا سه‌ر ئێسك گه‌نده‌ڵ بوو، بینیمان رۆژئاوا به‌ هه‌ندێك هه‌نگاوی زیره‌كانه‌ و به‌ بێ به‌كاربردنی هێزی سه‌ربازی، توانی پرۆسه‌ی رووخانی یه‌كێتییه‌كه‌ خێراتر بكات و به‌ بێ یارمه‌تیی ئه‌مه‌ریكا، دوای چه‌ند ساڵێك یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت رووخا و چاره‌نووسی ئێرانیش هه‌ر ده‌بێ به‌م شێوه‌یه‌ بێت.''

جێی باسه‌ له‌و هێرشه‌ی كه‌ ئێران له‌ شه‌وی 13 له‌سه‌ر 14ی ئه‌م مانگه‌ كردیه‌ سه‌ر ئیسرائیل، هیچ درۆنێك نه‌گه‌یشتنه‌ ئاسمانی ئیسرائیل، به‌ڵام به‌شێك له‌ مووشه‌كه‌كان گه‌یشتنه‌ ئیسرائیل و هه‌ر له‌ ئاسمانی ئیسرائیل ته‌قێنرانه‌وه‌، چه‌ند دانه‌یه‌كیان كه‌وتنه‌ زه‌وی و زیانێكی ئه‌وتۆی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌.

چه‌ند دانه‌یه‌كیان كه‌وتنه‌ زه‌وی و زیانێكی ئه‌وتۆی لێ نه‌كه‌وته‌وه‌.
هێرشه‌كه‌ی ئێران له‌ وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌ بوو كه‌ له‌ یه‌كی ئه‌م مانگه‌، ئیسرائیل كردیه‌ سه‌ر كونسوڵگه‌ی ئێران له‌ دیمه‌شق و به‌هۆیه‌وه‌ حه‌وت فه‌رمانده‌ی باڵای قودسی سوپای پاسداران كوژران.

زۆربه‌ی رێبه‌رانی ئیسرائیل سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌لامی ئیسرائیل بده‌نه‌وه‌ و رۆژان و هه‌فته‌كانی داهاتوو ده‌ری ده‌خات ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت.


وشە - سلێمان تاشان