ئیسرائیل و ئێران.. كامیان دوایین مووشەك داوێن؟

:: PM:07:22:15/04/2024 ‌

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئیسرائیل سێ فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی لە دیمەشق كوشت، تەلارێكی سەر بە كونسوڵگەی ئێرانیشی خاپوور كرد، دوای ماوەیەك هەڕەشەكردن شەوی شەموو لەسەر یەكشەمی ئەم هەفتەیە ئێران وەڵامی دایەوە و دەیان درۆن و مووشەكی گرتە ئیسرائیل، رای گەیاند كە تۆڵەی خۆی كردەوە و هێرشی تر ناكات، ئێستە ئیسرائیل هەڕەشە دەكات بەوەی وەڵامی هێرشەكە دەداتەوە، بەڵام مەبەستی ئیسرائیل چییە و چۆن هێرش دەكات؟

ئەوەی روو دەدات، واتە ئەو بگرە و بەردەی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران و میلیشیاكانی، یارییەكە لە نێوان دوو بەرەی بە ئەزموون لە ناوچەكەدا، مەبەستیان بەستنەوەی یەكتر و كردنەدەروەی یەكترە لە گۆڕەپانی یارییەكە یان پەكخستنی ئامرازەكانی شەڕی یەكتر، ئێستە ئێران كەوتووەتە هەمان هەڵوێستی حەماس، كە هێرشەكەی وێرانبوونی غەزەی لێ كەوتەوە، هاوكات كوژرانی ژمارەیەك سەربازی ئەمەریكا لەلایەن میلیشیاكانی ئێران لە ئوردن، كە ئاگربەستی لەگەڵ ئەمەریكا لێ كەوتەوە، بۆیە ئەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیلیش رەنگە بە رێككەوتنێكی رانەگەینراوی ئاگربەستی میلیشیاكانی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل تەواو بێت، بە گشتی هێرشەكەی ئێران سوودی بۆ ئیسرائیل هەبوو، ئاخۆ ئیسرائیل بە لێدانی ئێران هەمان سوود بە دەسەڵاتی ئێران دەگەیەنێت؟

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی باسی ئەوە دەكات كە بەرپرسانی رۆژئاوا پێشبینیی وەڵامدانەوەیەكی بەمنزیكانەی ئیسرائیل بۆ هێرشەكەی ئێران دەكەن، واتە لەمڕۆ دووشەمەوە، بۆیە هەموو چاوەكان لەسەر كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی شەڕی ئیسرائیلە، كە ئەمڕۆ بڕیار لەسەر وەڵامدانەوەی ئێران دەدات، هاوكات ئەمەریكا و ئیسرائیل تاوتوێی چۆنیەتی ئیدارەدان و وەڵامدانەوەی ئەو دۆخە ستراتیجییە نوێیەی دوای هێرشەكەی ئێران هاتووەتە كایەوە دەكەن، كاتێك بۆ یەكەمجارە ئێران راستەوخۆ و بە ئاشكرا هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل. 

شلۆمۆ غانۆر، شرۆڤەكاری ئیسرائیلی پێی وایە ئەنجوومەنی وەزیرانی بچووكراوەی شەڕ لە ئیسرائیل ئەمڕۆ بڕیاری خۆی دەدات، بە گشتی هێرشەكە پێشێلی ئاسایش و سەروەریی ئیسرائیلی كردووە و ئیسرائیل وەڵامی دەداتەوە، دوو بەرپرسی حكوومەتی ئیسرائیلی دەڵێن، ئیسرائیل سوورە لەسەر وەڵامدانەوە، بەڵام دەیەوێ بە باشترین شێوە بێت، ئەو شرۆڤەكارە ئیسرائیلییە پۆلێنی دۆسییە گرنگەكان لای وڵاتەكەی دەكات، ئاماژە دەكات كە ئێستە ئیسرائیل گرنگی بە غەزە و كۆتاهێنان بە دۆسیەی بارمتەكانی دەدات، دوای ئەوە چارەسەركردنی حزبوڵای لبنانی، ئینجا پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران.

ئەو شرۆڤەكارە ئیسرائیلییە پێی وایە بە گشتی ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە ئیسرائیل وەڵامی ئێران دەداتەوە، چونكە هێرشەكەی ئێران پێشێلكردنی سەروەریی ئیسرائیل بوو و ناكرێ بێ وەڵامدانەوە تێبپەڕێت، دەبێت ئیسرائیل بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەری و پێشەنگیی تەكنۆلۆجی و سەربازی لە ناوچەكە و پاراستنی توانای بەرپەرچدانەوە وەڵام بداتەوە، بۆ ئەوەی بوار نەدات چیتر پێگە و ناوبانگی بكەوێتە مەترسییەوە.

نداف بوڵاك، شرۆڤەكاری ئیسرائیلی دەڵێت، ئێران قۆناغێكی نوێی دەست پێ كرد، ئێستە لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل پشت بە میلیشیاكانی نابەستێت، بەڵكو راستەوخۆ هێرش دەكاتە سەر تەلئەبیب، بۆیە لە داهاتوودا ئیسرائیل ناتوانێت بێ وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست بەرانبەر بە ئێران بە ئارامی دابنیشێت.

ئیسرائیل خاوەنی یەكێكە لە بەهێزترین سوپاكانی دنیا، بەتایبەتی لە رووی چەك و توانای سەربازییەوە، ئەو بۆ خۆسەپاندن لە ناوچەكە پشت بە توانای سوپاكەی دەبەستێت، بۆ ئەوەش سوودی لە پاڵپشتیی گەورەی ئەمەریكا لە رووی مایەكی و سەربازییەوە وەرگرتووە، كاتێك بەپێی ماڵپەڕی "گلۆباڵ فایەر پاوەر"، ئیسرائیل لە پلەی 14مین بەهێزترین سوپای دنیا دێت، لەوكاتەی ئێران لە پلەی 17مینە، بەپێی نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئەمەریكاش، ئێران خاوەنی گەورەترین جبەخانەی مووشەكییە لە ناوچەكە، لەوانە مووشەكی بالیستی لە دەنگ خێراتر، كە دەتوانن لە ماوەی تەنیا 400 چركەدا بگەن بە تەواوی شارەكانی ئیسرائیل، ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە بۆ تەلئەبیب. 

شارەزایانی ئێران وریایی لەوە دەدەن كە رەنگە ئەوجارە ئێران بەو مووشەكانە تۆڕەكانی ئاو كارەبا و فڕۆكەخانە و دامەزراوە گرنگەكانی ئیسرائیل و دامەزراوە هەستیارە سەربازییەكان بكاتە ئامانج، بۆیە ئەگەر ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، ئەگەری هەیە جیا لەوانە، میلیشیاكانی ئێرانیش بێنە ناو شەڕەكەوە، كە زیاتر لە 50 گرووپن و زیانی گەورە بە تەلئەبیب بگەیەنن. 

لای خۆیەوە عەمید وەهبی قاتیشا، ئەفسەرێكی سەربازیی لبنانی ئاماژە دەكات، هێرشەكەی ئێران تەنیا رووسپیكردنەوە و پێشاندانی هێز و توانای سەربازیی خۆی بوو لە ناوچەكە، تاران تەنیا ویستی هاوپەیمانەكانی لەدەست نەدا و چیتر بەوە تۆمەتباری نەكرێت كە ناتوانێت ئیسرائیل بكاتە ئامانج، ئێستەش بازنەی شەڕ فرەوان نابێت، بەتایبەتی كە بەهۆی هێرشەكەوە هیچ ئیسرائیلییەك نەكوژراوە، ئەوەش رەنگە مانای نەبوونی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بگەیەنێت، بەڵام رەنگە سوپای ئیسرائیل پەنا بۆ كوشتنی چەند زانا و بەرپرس و فەرماندەیەكی سەربازیی ئێران ببات، بەڵام هێرش ناكاتە سەر ئێران، چونكە پاڵپشتیی جەماوەری بۆ حكوومەتی ئێران زیاتر دەبێت و ئیسرائیلیش ئەوەی ناوێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل