"تەنیا بەڵێن بە خەڵك دەدەن و چەند هەڵبژاردنێكە نەتوانراوە رێگای كەلار- دەربەندیخان تەواو بكرێت"

:: PM:10:05:15/04/2024 ‌

هاووڵاتی و چین و توێژەكانی پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەكەن باشترین خزمەت پێشكەش خەڵكی سنوورەكە بكرێت ئەوەیە كە هەرچی زووە رێگای دووسایدی كەلار- دەربەندیخان تەواو بكرێت و چیتر نەبێتە هۆكاری گیانلەدەستدان و بوونەقوربانیی خەڵك، بۆ یەكێتیش باشترە بۆ ئەوەی خزمەت بكات، ئەو پڕۆژەیە تەواو بكات كە چەندین ساڵە كێشەی خەرجكردنی پارەی هەیە.

چەندین ساڵە پڕۆژەی رێگای دووسایدی كەلار- دەربەندیخان تەواو نەكراوە، ئەگەرچی لە ماوەی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی خەرجكردنی پارەی بۆ دەركرد، بەڵام وا بۆ چەند هەڵبژاردنێك دەڕوات یەكێتی بەو پێیەی حزبی دەسەڵاتداری سنوورەكەیە، نەیتوانیوە ئەو پڕۆژەیە تەواو بكات و بیخاتە خزمەتی خەڵك و كۆتایی بەو مەرگەساتە بێنێت، كە ساڵانێكە لەو رێگایە روودەدات و بە دەیان كەس دەبنە قوربانی.

ئیسماعیل جەمیل، شۆفێرێكی رێگای كەلار- سلێمانییە بۆ "وشە" قسە دەكات و دەڵێت، ئەو رێگایە ئەوەندە مەترسیدار و دڵتەنگە، هەركات پێیدا تێپەڕ دەبم بیر لەوە دەكەمەوە نەگەڕێمەوە یان نەگەمە شوێنی مەبەست، چونكە ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆ دەبنە هۆكاری ئەوەی بە دەیان كەس ببنە قوربانی و گیان لە دەست بدەن و بریندار و كەمئەندام بنن.

زیاتر گوتی، ئەو هەموو بەڵێنە بە خەڵكی دەدەن و بەم دەست و بەو دەست، چونكە نزیكی هەڵبژاردنە، كەچی ئەوە چەند هەڵبژاردنە نەتوانراوە ئەو رێگایە تەواو بكرێت و بخرێتە خزمەتی خەڵكییەوە، بۆیە باشترین خزمەت كە بە خەڵكی بكەن ئەوەیە ئەو رێگایە تەواو بكەن و كۆتایی بەو چاوەڕوانییە بێنن، كە چەندین ساڵە خەڵك چاوی لەوەیە ئەو رێگایە بە تەواوكراویی ببینن، بەڵام هەر ساڵەی تۆزێك ئیشی تیادا دەكرێت، چەندینجاریش بەهۆی ئەوەی پارەی بۆ خەرج ناكرێت كارەكانی رادەگیرێن.

ماوەی 11 ساڵە كار لە پڕۆژەی دووسایدی كەلار بۆ دەربەندیخان دەكرێت و تا ئێستە تەواو نەكراوە، درێژی ئەو رێگایە زیاتر لە 40 كیلۆمەترە و نزیكەی 140 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، هەرچەندە ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەكە كە 18 پردی دووساید لەخۆ دەگرێت دوو ساڵی بۆ دانرابوو، كەچی تا ئێستە كەمتر لە 80%ی كارەكانی تەواو بووە.

تەواو نەكردنی رێگای دووسایدی كەلار بۆ دەربەندیخان لەكاتێكدایە كە مەرزێكی فەرمی لەسەرە ئەویش مەرزی پەروێزخانە و رۆژانە بە دەیان و سەتان بارهەڵگر لەو رێگایەوە هاتوچۆ دەكەن، ئەمە جگە لەوەی ئیدارەیەكی گەورەی وەك گەرمیانی لەسەرە و رۆژانە بە هەزاران ئۆتۆمبێل لەو رێگایە دێن و دەچن.

لای خۆیەوە ئاگرین عەبدوڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی خەرجكردنی بودجەی بۆ رێگای دووسایدی كەلار- دەربەندیخان داوە، بەڵام لە سنوورەكە لە خەزێنە گرفتی خەرجكردن هەیە و پارەی كاش بەردەست نییە و مانگانە بڕێكی كەمی بۆ خەرج دەكرێت، كە لە 500 ملیۆن دینار كەمترە، لەكاتێكدا دەبێت مانگانە سەرو ملیارێك دینار خەرج بكرێت.

ئاماژەی كرد، كۆمپانیاكە بە بەهای هەشت ملیار دینار كاری كردووە و هێشتا پارەی پێ نەدراوە، ئەو بەشەی رێگاكەش كە تەواو بووە، رێگەمان داوە شۆفێران بە ناچاری بەكاری بێنن بۆ ئەوەی كێشەی هاتوچۆ دروست نەبێت، ئێستەش بۆ ئەوەی پڕۆژەكە تەواو بكرێت پێویستی بە 41 ملیار دیناری تر هەیە، تەواوبوونەكەشی پێوەستە بە خەرجكردنی پارە بۆی.

بەهۆی ئەو بێباكییەی یەكێتی بەرانبەر بەو پڕۆژە گرنگە، كە خزمەتی خەڵكی گەرمیان و سلێمانی دەكات، غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوو رۆژە بەڵێن بە خەڵك دەدەن، چونكە كاتی هەڵبژاردنە، بەڵام خۆشیان بە فڕۆكە چوونەتە كەلار و نەیانویستووە رێگای كەلار- دەربەندیخان ببینن، لەكاتێكدا زیاتر لە 10 ساڵە نەتوانراوە ئەو رێگایە تەواو بكرێت و بخرێتە خزمەتی خەڵكییەوە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت