بڕیارە سبەی چوارشەم 17ی نیسان، بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، خولی 16مینی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب بكرێتەوە و بۆ ماوەی 10 رۆژیش بەردەوام دەبێت.
16 ساڵە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب لەلایەن دەزگای "مەدا"وە بەڕێوە دەچێت، بەئامادەبوون و چاودێریی سەرۆك بارزانی، ئەو پێشانگەیە لە بواری فەرهەنگیی بووەتە چالاكییەكی گەورەی ساڵ.
لە پێشانگەكەدا چەندان كتێبی چاپكراوی "وشە" نمایش دەكرێن و خوێنەران دەتوانن بەدەستیان بهێنن.
لەم پێشانگەیەدا كە هەموو ساڵێك لە مانگی نیساندا بەڕێوە دەچێت، چەندان كەسایەتیی سیاسی و رۆشنبیری كورد و بیانی بەشداریی دەكەن، هاوكات چەندان كۆڕ و سیمیناری رۆشنبیریی تێدا دەكرێت، سەتان هەزار خوێنەریش لە سەرانسەری كوردستانەوە رووی تێدەكەن.
بڕیارە سبەی چوارشەم 17ی نیسان، بە بەشداریی زیاتر لە 300 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی كوردستان و عێراق و وڵاتە عەرەبی و بیانییەكان، نمایشكردنی یەك ملیۆن و 500 هەزار كتێب لە بوارە جیاوازەكانی زانست و ئەدەب و هونەردا بەداشكاندن لەسەر نرخی كتێبەكان تا 50% بكرێتەوە، بۆ ماوەی 10 رۆژ لە پێشوازیی خوێنەرانی كتێبدا بێت.