بودجه‌ی سوپای پاسداران 15 تریلیۆن و باجی سه‌ر خه‌ڵك 50% زیاد كرا

:: AM:10:58:16/04/2024 ‌
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئێران بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، بودجه‌ی سوپای پاسداران 15 تریلیۆن تمه‌نی تری خراوه‌ته‌ سه‌ر، كه‌چی باجی سه‌ر خه‌ڵك 50% زیاد كراوه‌.

قه‌باره‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی ته‌نیا بۆ سوپای پاسداران دیاری كراوه‌ 124 تریلیۆن تمه‌نه‌، ئه‌مه‌ به‌ بێ ئه‌رته‌ش و ئاسایش و پۆلیس و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی تری وڵاته‌كه‌. ئه‌گه‌ر به‌ نرخی ئێسته‌ی دۆلار لێك بدرێته‌وه‌، بودجه‌كه‌ی نزیكه‌ی له‌ دوو ملیار دۆلار و ئه‌گه‌ر به‌و نرخه‌ لێك بدرێته‌وه‌ حكوومه‌ت دیاری كردووه‌ ده‌گاته‌ سێ ملیار دۆلار.

له‌ بودجه‌كه‌ 134 تریلیۆنی تر بۆ به‌هێزكردنی ژێرخانی به‌رگریی وڵات ته‌رخان كراوه‌.
له‌ دوێنێ دووشه‌مه‌وه‌ په‌رله‌مانی ئێران، ده‌ستی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی خشته‌كانی خه‌رجییه‌كانی بودجه‌ كردووه‌ و له‌ بودجه‌كه‌ 134 تریلیۆنی تر بۆ به‌هێزكردنی ژێرخانی به‌رگریی وڵات ته‌رخان كراوه‌.

ئێران ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ چی داهاتی نه‌وت هه‌یه‌، خستوویه‌ته‌ خزمه‌تی سوپای پاسداران و دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ راپۆرتێكدا ئه‌وه‌ ئاشكرابوو، دوو تریلیۆن تمه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسای بودجه‌ به‌ سوپا دراوه‌.

ساڵی رابردوو بودجه‌ی سوپای پاسداران یه‌ك له‌سه‌ر پێنج، یان به‌ واتایه‌كی تر 20%ی كۆی داهاتی نه‌وتی ئێرانی پێ بڕا و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران جگه‌ له‌و بودجه‌یه‌ی به‌ یاسا بۆیان دیاری ده‌كرێ، راسته‌وخۆ داوای بودجه‌ی تر ده‌كه‌ن و له‌ فرۆشتنی نه‌وت و سه‌رچاوه‌ی تری دارایی بۆیان دابین ده‌كرێ.

ساڵی رابردوو گرووپی ''راپه‌ڕین تا سه‌ركه‌وتن'' به‌ به‌ڵگه‌ ئاشكرای كردبوو، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران و فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران له‌ دوو نامه‌ی جیاوازدا، داوای زیاتر له‌ 10 تریلیۆن تمه‌نیان له‌ ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆمار كردبوو، له‌ نامه‌یه‌كی تردا داوای 25 ملیۆن دۆلار كرابوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پێداویستی و كه‌ره‌سته‌ی تایبه‌ت به‌ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك و خۆپێشانده‌ران دابین بكرێت.

بودجه‌ی سوپا له‌ كاتێكدا زیاد ده‌كرێ كه‌ ئیبراهیم ره‌ئیسی بۆ دابینكردنی زۆربه‌ی داهاته‌كه‌ی، باجی گه‌یاندووه‌ته‌ دوو هێنده‌ی داهاتی نه‌وت.

به‌رزكردنه‌وه‌ی باج، گوشاری زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی ئێران
هه‌ر خۆی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر رۆژنامه‌ی ئیتڵاعاتی ئێران ددانی به‌وه‌ نابوو كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی باج، گوشاری زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی ئێران و ئاماژه‌ی دابوو حكوومه‌تی ره‌ئیسی، قه‌باره‌ی داهاتی باجی له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ به‌ رێژه‌ی 50% به‌رز كردووه‌ته‌وه‌، كه‌چی مووچه‌ی خه‌ڵك تا 18% زیاد ده‌كرێت.

حكوومه‌تی ره‌ئیسی پشتئه‌ستووریی به‌ نه‌وتی به‌ رێژه‌ی 9% كه‌م كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وه‌ نییه‌ ئابووری وڵات له‌ كه‌رتی تردا گه‌شه‌ی كردبێت، ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ باری باجی زیاتر كردووه‌.

دوێنێش ئه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌ت قه‌باره‌ی گشتیی بودجه‌ی به‌ستووه‌ و بودجه‌ی ئێران بۆ ئه‌مساڵ به‌ رێژه‌ی 20% زیاد كراوه‌.

قه‌باره‌ی گشتیی بودجه‌ی ئه‌مساڵی ئێران به‌ شه‌ش هه‌زار و 347 تریلیۆن تمه‌نی دیاری كرا، كه‌ به‌ به‌های ئێسته‌ی تمه‌ن به‌رانبه‌ر دۆلار ده‌گاته‌ سه‌رووی 90 ملیار دۆلار، دوو هه‌زار و 837 تریلیۆن تمه‌نی پێوه‌سته‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی گشتی و سه‌رچاوه‌كانی داهاتی كۆمپانیاكانی حكوومه‌ت، دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كان و بانكه‌كانیش به‌ سێ هه‌زار و 741 تریلیۆن تمه‌ن دیاری كراوه‌.

بودجه‌ی ساڵی رابردووی ئێران بریتی بوو له‌ پێنج هه‌زار و 261 تریلیۆن تمه‌ن و به‌پێی ئه‌و ژماره‌یه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ی ئاماژه‌ی پێ كراوه‌، قه‌باره‌ی بودجه‌ی ئێران 20% زیاد كراوه‌.

خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت به‌ هه‌زار و 878 تریلیۆن تمه‌ن ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ كاتێكدا داهات هه‌زار و 523 تریلیۆن تمه‌نه‌
به‌گوێره‌ی مێهرنیوز، خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت به‌ هه‌زار و 878 تریلیۆن تمه‌ن ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ كاتێكدا داهات هه‌زار و 523 تریلیۆن تمه‌نه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات كورتهێنانی بودجه‌ ده‌گاته‌ 355 تریلیۆن تمه‌ن. خه‌رجی و داهاته‌كانی تر پێوه‌ندیدارن به‌ دامه‌زراوه‌كانی تری ده‌وڵه‌ت.

ئه‌وه‌ی له‌م بودجه‌یه‌دا جێی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، تمه‌ن به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو سه‌رووی 40% به‌های خۆی له‌ ده‌ست داوه‌. ساڵی رابردوو دۆلار به‌ 45 هه‌زار تمه‌ن ده‌فرۆشرا، به‌ڵام ئه‌مساڵ هێشتا مانگێك له‌ ساڵی نوێ تێنه‌په‌ڕیوه‌، كه‌چی به‌های دۆلار گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی 70 هه‌زار تمه‌ن.

به‌و پێیه‌ ئه‌گه‌ر بودجه‌ی ئێران 40%ی تریش به‌رز بكرایه‌وه‌، ئه‌وجا به‌هاكه‌ی هێنده‌ی بودجه‌ی ساڵی رابردوو ده‌بوو، ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات تاوانی ئابووری ئێران ساڵ به‌ ساڵ له‌ پاشه‌كشه‌ی زیاتردایه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵك به‌دیار ده‌كه‌ون.

كۆی داهاتی ئێران له‌ خزمه‌تی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و به‌رنامه‌ سه‌ربازییه‌كاندایه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی قووڵتربوونه‌وه‌ی دوژمنایه‌تی نێوان ئێران و ئیسرائیل، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێ دۆخی ئابووری خه‌ڵك خراپتر بێ و حكوومه‌ت بۆ به‌هێزكردنی توانا سه‌ربازییه‌كانی، پاره‌ی زیاتر له‌ سه‌ر حیسابی بژێویی خه‌ڵك خه‌رج بكات.


وشە - سلێمان تاشان