شارەزا و چاودێران باس لەوە دەكەن كە ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەكرد و بە ئارەزووی خۆی بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دەسەپاند، چیتر ناتوانێت ئەو كارە بكات، چونكە وڵاتانی زلهێز گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدەن و رێگە نادەن چیتر بەغدا ستەم بكات و بڕیاری خراپ دژی كوردستان بدات، پێیان وایە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاستی پێوەندییەكانی زۆر پێش خستووە و ئەوەش هۆكارەكەیە.
لە ماوەی نۆ مانگی رابردوو بەغدا و دادگای فیدراڵیی عێراق چەندین بڕیاریان دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، ئامانجیان ئەوە بوو لە پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەن، هەرچەندە بە پاڵپشتیی و هاوكاری چەند كەس و لایەنی ناوخۆیی ئەو كارەیان كردووە، بەڵام سەرۆكی حكوومەت بە لێزانی و لێهاتوویی و سیاسەتە دووربین و حەكیمانەكانی، هەموو پیلانەكانی سەر هەرێمی كوردستانی پووچەڵ كردەوە.
پێوەست بەو بابەتە نەژاد ساڵح، نووسەر و رۆشنبیری سلێمانی بە "وشە"ی گوت، هەمووان ئەوە دەزانن كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان كرانەوەیەكی زۆری لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەبوو و پێوەندییەكانی فراوان كردووە و لەسەر ئاستی وڵاتە زلهێزەكان پێوەندی دروست كردووە، سەرۆكی ئەو وڵاتانە و بەرپرسانی باڵایان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و پێوەندییان لەگەڵ هەرێم دروست كردووە، بۆیە ئاسی پێوەندییەكانی هەرێم زۆر پێش كەوتووە.
زیاتر گوتی، ئەو پێوەندییانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی دەرەوە دروستی كردووە، وای كردووە ببنە پشتیوانی و پاڵپشتیی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ئەو دەمەی كە بەغدا دژی هەرێمی كوردستان كاری كردبێت و هەوڵی لاوازكردن یان ستەمكردنی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دابێت، ئێستە وڵاتانی دنیا خۆیان باس لە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، پشتیوانی و هاوكاریی خۆیانی بۆ دووپات دەكەنەوە، بەم دواییەش كە ئەمەریكا گوتی پێوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێم پەرە پێ دەدەین، مانای بەهێزیی هەرێم و پشتیوانی وڵاتانی دنیا دێت.
"هەوڵدان بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێم، وەك ئەوەی لە ماوەی رابردوو دروست بوو، كارێكی خراپ و ناجۆر بوو، كاتێك چەند لایەنێك هەوڵیان دا حكوومەتی هەرێم دەسەڵاتی نەمێنێت و ئەو دەستكەوت و مافانەی كە هەیەتی رادەستی بەغدا بكرێت، بەڵام چیتر بەغدا ناتوانێت بڕیارگەلێك بەرانبەر بە هەرێم بدا و لەسەر ئاستی دەرەوە رێگەپێدراو نییە"، نەژاد ساڵح، نووسەر و رۆشنبیر وا دەڵێت.
لای خۆیەوە خەدیجە تەها، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان و شارەزای یاسایی بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكانی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان تەواو نایاسایی بوون، بەڵام چونكە لایەن و كەسێك نەبوو ئەو ماوەیە بەردەوام دژایەتیی هەرێمیان دەكرد و دژی كوردستان كاریان دەكرد و دادگاكە بڕیار لە دوای بڕیاری دژی هەرێم دەردەكرد، بەڵام كاركردنی سەرۆكی حكوومەت بۆ كۆتاهێنان بەو ستەمە و دروستكردنی پێوەندییەكان لە دەرەوە وای كرد هەرێم بەهێز بێت و پشتیوانی لێ بكرێت.
هەر لەسەر هەمان بابەت رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان وەك رابردوو نەماوە كە هیچ پشت و پەنایەكی نەبێت و بەغدا بە ویستی خۆی هەرچی بیەوێ بیكات و بەسەری بسەپێنێت، پشتیوانیی ئەمەریكا و كۆشكی سپی بۆ هەرێمی كوردستان لە بارەی كێشەی مووچە، ئەوە دەسەلمێنێت كە ئێستا هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی بەهێزدایە و پێوەندی فراوانی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەیە، بەغدا لە ماوەی رابردوو زۆر كاری خراپی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەكرد، راستییەكەی ئەوە بوو كە لە ناوخۆی هەرێمەوە دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكرا و بەغداش ئەوەی دەبینی، بۆیە بڕیار لە دوای بڕیاری دەردەكرد.
دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان خاوەن حكوومەت و قەوارەیە، بۆیە بەغدا بە گوشار دەیەوێ بڵێت كە ئەو حكوومەتە نییە یان دەسەڵاتی پێ نەدات و دەسەڵاتەكانی لێ وەرگرێتەوە، لەو چەند مانگەی مووچەی لای بەغدا بوو دەركەوت كە بەغدا خەڵكی هەرێمی ناوێ و خزمەتی میلەتێك ناكات خاوەنی حكوومەتی خۆیانبن، بەڵام كاتێك ئەمەریكا داوای چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەكات، واتە نایەوێ بەغدا بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات.
وشە/ تایبەت