"ئه‌مه‌ریكا زۆر به‌ئاشكرا ده‌یه‌وێت به‌غدا و هه‌ولێر تێگه‌یشتنی ته‌واویان هه‌بێت"

:: PM:05:13:17/04/2024 ‌
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی عێراق و ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی جۆ بایدن و محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ ڕوونی باسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا كرا كه‌ ئه‌وه‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ی‌ مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان بوو كه‌ كۆتایی مانگی‌ شوبات بۆ ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامی‌ دا. 

له‌مباره‌یه‌وه‌ د.میدحه‌ت سولێمان مامۆستای زانكۆ و نووسه‌ر، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا ڕزگاركه‌ری عێراقه‌ و رژێمی سه‌دامی ڕووخاند، بۆیه‌ ده‌بێ به‌رده‌وام ئاگاداری بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بێت و رێگه‌ نه‌دات دووباره‌ عێراق بكه‌وێته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆرێكی تر و هه‌رێمی كوردستان بچه‌وسێنێته‌وه‌.

روونیشی‌ كرده‌وه‌، له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم مه‌سروور بارزانی له‌پێشتر و گرنگتره‌، بۆیه‌ سه‌ره‌تا بانگهێشتی ئه‌و كرا و هه‌موو به‌رپرسانی بینی و پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكایان بۆ دووپات كرده‌وه‌، بۆیه‌ دوای چوونی سوودانیش به‌هه‌مانشێوه‌ دیسان دووپاتیان له‌سه‌ر ئابووری و ئاسایشێكی سه‌قامگیر كرد بۆ عێراق و كوردستان.

"ئه‌مه‌ریكا زۆر به‌ئاشكرا ده‌یه‌وێت به‌غدا و هه‌ولێر تێگه‌یشتنی ته‌واویان هه‌بێت بۆ یه‌كتری و هه‌رێمی كوردستان سه‌قامگیر و ئارام بێت و به‌غدا به‌هۆی میلیشیا و شۆڤینیه‌كان و ده‌وڵه‌تانی دراوسێوه‌ سته‌می لێ نه‌كرێت و جارێكی تریش ئه‌مه‌ قبووڵ ناكات، ئه‌مه‌یش به‌رهه‌می سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی بوو بۆ ئه‌مه‌ریكا كه‌ ته‌واوی هاوكێشه‌كانی گۆڕی و وای كرد ئه‌مه‌ریكا بێته‌ سه‌ر هێڵ و جڵه‌وی به‌غدا بكات و له‌كۆبوونه‌وه‌ی سوودانی و بایدندا باس له‌ ره‌وشی هه‌رێم و شایسته‌ داراییه‌كانی و ره‌وانه‌ی نه‌وتی هه‌رێم بكرێت" د.میدحه‌ت سولێمان وای‌ گوت.

كۆتایی مانگی‌ شوباتی‌ ئه‌مساڵ، مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان به‌ بانگێشتی‌ فه‌رمی‌ سه‌ردانی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ كرد، ئێسته‌ كه‌ سوودانیش بانگێشت كراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ كلیلی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ دارایی و سیاسییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدای‌ هێناوه‌.

 وشه‌/ ئاسان محه‌مه‌د



وشە - وشه‌