دوای چۆڵكردنی گۆڕەپانی سیاسی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، موقتەدا سەدر بەتەواوەتی لە كایەی سیاسی دوور كەوتەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا خۆی زیاتر لە شەقامی شیعە نزیك كردەوە و لە ماوەی دواییش ناوی رەوتەكەی بۆ رەوتی نیشتمانیی شیعە گۆڕی، شارەزایان ئەو هەنگاوە بە نزیكبوونەوەی گەڕانەوە و بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئەو بە نیازی چییە؟
سەرچاوەیەكی نزیك لە موقتەدا سەدر ئاماژەی كرد كە ئێستە سەدر هەوڵی پێكهێنانی رەوتێكی سیاسی و جەماوەری فرەوان دەدات كە سەدرییەكان و چەند هێزێكی سیاسی و جەماوەریی شیعە و هێز و كەسایەتییە كورد و سوونە و پێكهاتەكانیش لەخۆ بگرێت، سەدر پێی وایە رەوتەكەی دەتوانێت هەموو ئاراستە و پێكهاتەكان كۆ بكاتەوە كە دەبێتە بەرەیەك بەرانبەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانەكانی.
روونی كردەوە، چەندان پەیامی لە لایەنەكانەوە گەیشتوونەتە سەركردە سەدرییەكان، كە پێشوازی لە گەڕانەوەی سەدر و پێكهێنانی رەوتە سیاسی و جەماوەرییە نوێیەكەی دەكەن، جیا لە بوونی پێوەندیی رانەگەیەنراو لە نێوان سەركردەكانی رەوتە نوێیەكە و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و هێزەكانی تشرین.
ئەو جووڵەی دوایی موقتەدا سەدر دەچێتە خانەی هەڵسوكەوتە ناروونەكانی، كاتێك بەشێك لە شارەزایان گۆڕینی ناوی رەوتەكەی وا وێنا دەكەن كە دامەزراندنی بزاوێكی كۆمەڵایەتییە بە مەبەستێكی سیاسییانە، هەندێكیشیان رەخنە لە ناوی رەوتەكە دەگرن، كە رەوتی نیشتمانیی شیعەیە، بەوەی ئەوە ناكرێت نیشتمانی و مەزەوی بەیەكەوە گرێ بدرێت، بۆیە ئەوەش بە یەكێك لە هەنگاوە نادیارەكانی سەدر دادەنرێت.