دوایین زانیاری لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان

:: PM:04:53:22/04/2024 ‌

وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیا ساڵێكی تێپەڕاند، ئەوەی لە میدیاكان باس دەكرێت چەند كێشەیەك لەبارەی گری بەرهەمهێنان و گواستەوە و گرێبەستە نەوتییەكان هەیە، ئەویش گفتوگۆی لەسەرە، گوتەبێژ بەنای حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد كە هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە بەردەوامە و لایەنی توركیا ئامادەیە بۆ دەست پێكردنی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.

باسم عەوادی، گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی عێراق ئاماژەی كرد كە بابەتی نەوتی هەرێمی كوردستان نیوچە چارەسەر كراوە، ماوەی مانگێكە توركیا بە عێراقی راگەیاندووە كە ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەوت لە رێگەی هێڵی بەندەری جەیهانەوە و هیچ كێشەیەك لە رۆیشتنی نەوت لە رێگەی توركیا نییە. 

ئاماژەی كرد، ئێستە كێشەكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵییە، وردتر لەبارەی مافی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتە لە هەرێم، كە بە پێی بڕیارە نوێیەكان پێویستە ئەو كۆمپانیایانە مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی و كۆمپانیای سۆمۆوە بكەن، بۆیە گرێبەست و كۆمپانیا و گفتوەگۆی نوێ هەیە، هەرچی توركیایە ئامادەیە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردن و ئەوەی بە عێراق راگەیاندووە.

ئەمڕۆ دوای 13 ساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن، لەوانە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە، كە ساڵێك زیاترە لەسەر داوای عێراق وەستاوە، وەك لە میدیاكان هاتە بڵاوكردنەوە كە رێكخراوی ئۆپێك داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق كردووە رێگە بە هەناردنی رۆژانەی 200 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیا بدات و ئێستە بابەتەكە لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراقە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل