دووه‌م دانیشتنی‌ دادگا له‌باره‌ی‌ كوشتنی‌ خواناس وریا به‌رێوه‌چوو

:: PM:05:22:29/04/2024 ‌
ئه‌مڕۆ دووه‌م دانیشتنی‌ دادگای‌ سلێمانی‌ له‌باره‌ی‌ كوشتنی‌ خواناس وریا به‌ڕێوه‌چوو كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ كوژرا و هه‌ر ئه‌وكاته‌ ددانی‌ به‌وه‌دانا كه‌ له‌لایه‌ن مه‌لایه‌كه‌وه‌ هاندراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ بكات. 

رۆژی پێنجشه‌م 22ـی حوزه‌یرانی 2023، خواناس له‌ناو بازاڕی چه‌مچه‌ماڵ كوژرا، بكوژه‌كه‌ ددانی به‌وه‌ ناوه‌ كه‌ هۆكاری كوشتنه‌كه‌ به‌هۆی جیاوازیی ئاین بووه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌م 29ی‌ نیسان، به‌هار مونه‌زیر چالاكی‌ مه‌ده‌نی‌ بڵاوی‌ كرده‌وه‌ كه‌ دووه‌م دانیشتنی دادگا بوو سه‌باره‌ت به‌ تاوانی تیرۆركردنی خواناس وریا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی خێزان و كه‌سوكاری‌ و پێنج پارێزه‌ر، به‌ڕێوه‌ چوو.

زیاتر نووسیویه‌تی‌، گوته‌ی تۆمه‌تباری تاوانه‌كه‌ وه‌رگیرا، چه‌ندان پرسیاری لێكرا لەبارەى تاوانه‌كه‌، بكوژ له‌ وه‌ڵامدا 23 جار ده‌یگوت "من مه‌لا فڵان هانی نه‌داوم" هیچ كه‌س هانی نه‌داوم بۆ ئه‌م كوشتنه‌ ته‌نیا خۆم بووم، پرسیاری داواكاری گشتی و پارێزه‌ره‌ خۆبه‌خشه‌كانی ڕێكخراوه‌كان ورد بوو، به‌ڵام بكوژ باسی ورده‌كاری كوشتنه‌كه‌ و شانۆیه‌كی بچووكی دروست كردبوو به‌ جووڵه‌ و به‌ قسه‌كردن ده‌یگێڕایه‌وه‌.

ئه‌و ئاشكرای‌ كرد كه‌ ئه‌و بكوژه‌، له‌ ئیفاده‌ی یه‌كه‌می كه‌ له‌ دادگا به‌ گرنگترین ئیفاده‌ هه‌ژمار ده‌كرێت باسی مه‌لاكه‌شی كردووه‌ كه‌ لەژێر كاریگه‌ریی ئه‌ودا، ئه‌و تاوانه‌ی‌ كردووه‌. 

جێی‌ ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئێسته‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت، یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌نووسه‌كانی‌ سلێمانی‌ كه‌مپینێكی‌ راگه‌یاندووه‌ و ده‌ڵێ‌، له‌لایه‌ن مه‌لایه‌كی‌ سه‌له‌فی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌سه‌ره‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ هێرشی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌سه‌ره‌ له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌ركردنی‌ له‌ سلێمانی‌ ده‌كرێت.


وشە - وشه‌