ئەو دەرزی كۆرۆنایەی لە خۆمان دا ڕەنگە زیانێكی زۆری پێ گەیاندبین

:: PM:05:18:30/04/2024 ‌

وا دیارە بە ئاسانی لە مۆتەكەی كۆرۆنا ڕزگارمان نابێت، ئەوەتا وێڕای نەمانی مەترسیی پەتاكە، كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی دەرزیی كوتانی دژەكۆرۆنا ڕای دەگەیەنێت، ئەگەری هەیە دەرزییەكەیان ببێتە هۆی نەخۆشییەكی تر.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوی كردەوە، كۆمپانیای "ئەسترازینكا"ـی ئوسترالی كە یەكێك بوو لەو كۆمپانیایانەی دەرزیی كوتانی دژەكۆرۆنای بەرهەم دەهێنا، تووشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت، ئەگەر دوای پشكنینەكان بسەلمێت دەرزییەكانی دەبێتە هۆی نەخۆشیی لاوەكی بە بەكارهێنەران.

جیمی سكۆت، باوكی دوو منداڵە و یەكێكە لەوانەی دەرزیی ئەسترازینكای بەكار هێناوە، تووشی جەڵتەی خوێن بووە بەهۆیەوە خوێنپژان گەیشتووەتە مێشكی و دەردێكی هەمیشەیی تووش كردووە. لەو ماوەیەدا سێ جار تەلەفۆنیان بۆ هاوسەرەكەی كردووە كە مێردەكەی دەمرێت. ئێستە ئەگەرچی نەمردووە، بەڵام نەخۆشییەكەی تووشی بووە، بەری نادات، بەو هۆیەوە داوای یاساییان بردووەتە دادگاوە. ئەمەش یەكەم قوربانی نییە و چەند ڕووداوێكی تریش لە شوێنی جیاوازی جیهان تۆمار كراون.

كۆمپانیای AstraZeneca تا ئێستە ددان بەو تۆمەتانە نانێت و دەڵێت، ڤاكسینەكەیان نەبووەتە هۆی هیچ دۆخێكی كوشندە، بەڵام ئەگەری هەیە لە چەند ملیۆن كەسدا یەك دوویەك تووشی TTS ببن، ئەمەش واتە تووشبوون بە جەڵتەی خوێن.

تا ئێستە 51 داوا دژی ئەو كۆمپانیایە بەرز كراوەتەوە و داوای قەرەبووی مادی دەكەن كە دەگاتە 100 ملیۆن پاوەن.


وشە - عەبدوڵا عومەر