بەردی بناغەی پێنج پڕۆژە لە ڕواندوز دانران

:: AM:11:27:02/05/2024 ‌
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پێنج پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە یەکێک لە شارۆکەکانی ئیدارەی سۆران دانا.
 
  ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایاری هەژار حکیم بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار بەردی بناغەی پێنج پڕۆژەی گرنگ  لە رواندز دانران. 

ئەو روونی کردەوە هەنگاوەکان درێژەی جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە ژێر چاودێریی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران هەر لەسەر داهاتی ئیدارەکە جێبەجێ دەکرێن.

هەنگاوەکان درێژەی جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە
پڕۆژەکان بریتین لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی دوڵی ئاکۆیان، دانانی بەردی بناغەی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کۆڵانەکانی سەنتەری رواندز، نۆژەنکردنەوەی یاریگای 12  یاریزانی رواندز.

دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی بەرزێوە، ماویلیان و جوندیان لە گوندی بەرزێوە  بەشێکی تری پڕۆژەکانن کە بەردی بناغەیان بۆ دانرا.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سۆران روونی کردەوە بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە خزمەتێکی گەورەی زیاتر بە ئاوەدانی ڕواندز دەکرێت و گرفتی ڕێگاوبان و ئاوی خواردنەوەی ماڵان چارەسەر دەکرێت و خزمەتێکی تریشە بە گەنجان و لاوانی وەرزشدۆست.

ڕواندوز / سدقی کوێستانی




وشە - سلێمان تاشان