پەیامێك لە بەرپرسێكی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتەوە

:: PM:10:16:03/05/2024 ‌

بەرپرسێك لە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە ئامانجی "هەژماری من" ئەوەیە هاووڵاتییان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. 

ئەمڕۆ هەینی، سێی ئایار، عەزیز ئەحمەد جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە توویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ئێكس" كە بەناوی "پەیامێك بۆ NRT" بڵاوی كردووەتەوە، نووسویەتی، بۆ ئاگاداریتان، ئامانجی سەرەکی ئێمە لە پرۆژەی "هەژماری من" ئەوەیە کە هاووڵاتییان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. 

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەم بابەتەدا نامانەوێت نە قۆرخکاریی بەغدا هەبێت، نە هی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، دەمانەوێت زۆرترین بژاردە لە بانکە حکومی و  ئیسلامی و  نیودەوڵەتی و تایبەتەکان بخەینە بەردەستی هاووڵاتییان.

لە درێژەی پەیامەكەدا، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت نووسیویەتی، ئەگەر ئێوە بەڕاستی لە خەمی خەڵکدان، بۆچی نایەیت تیمەکەمان ببینیت؟ بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیت لێ دەکەین و وەڵامی هەموو پرسیار و تێبینییەکانت لەسەر پرۆژەی "هەژماری من" دەدەینەوە.

لە كۆتایی پەیامەكەشدا نووسیویەتی، زانیاری هەڵە و ساختە چونکە زیان بە هەمووان دەگەیێنێت. هەمیشە بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان باشترە.


وشە - عەبدوڵا عومەر