بەهۆی ئاگرەكەی قەیسەریی هەولێر زیاتر لە 370 دوكان بەتەواوی سووتاون

:: AM:09:47:06/05/2024 ‌
بەهۆی ئاگرەكەی شەوی رابردوو لە قەیسەریی هەولێر، زیاتر لە 370 دوكان بەتەواوی سووتاون و زیانێكی زۆری دارایی بەر كاسبكارانی ئەو شارە گەیشتووە.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر ڕاگەیاند، ئەو ئاگرەی دوێنێ شەو لەناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر كەوتەوە، دوای هەوڵێكی زۆری تیمە خزمەتگوزارییەكان و هێزە تەناهییەكان، بەرگریی شارستانی و زێرەڤانی، تیمەكانی تەندروستیی لە ژێر سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، توانیان ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن.

بەگوتەی ئەو قایمقامە، "لە قەیسەریی شاری هەولێر نزیكەی چوار هەزار دوكان هەیە، بەڵام بەداخەوە بەپێی ئەو ئامارە سەرەتاییەی كە ئەمڕۆ لەلایەن تیمەكان كراوە، زیاتر لە 370 دوكان بەتەواوی سووتاون كە دەكاتە ڕێژەی 10% بازاڕەكە".

نەبەز عەبدولحەمید گوتی، لەسەر هەموو گومانەكان كار دەكەن و لیژنەیەكیان هەیە بە رژدی بەدوای هۆكارەكەیدا دەچێت، بۆیە هەرچی بووبێتە هۆی كەوتنەوەی ئاگرەكە، بۆ خەڵكی رادەگەیەنن.



وشە - سۆران عەزیز