كێ تاوانەكەی بەسرەی ئەنجام داوە؟

:: PM:10:46:09/05/2024 ‌

شەوی رابردوو میدیا و سۆشیال میدیای عێراق بە رووداوێكی كوشتنی 12 كەس لە بەسرە شۆك بوون، بەتایبەتی ئەوانەی دیمەنی ئەو كوشتارگەكەیان لە ناو ماڵەكەدا بینی، چیڕۆكەكە بە كورتی وەك بڵاو كرایەوە، باوكێك كە بەڵێندەر بووە و لە بواری عەقارات كاری كردووە، بەهۆی قەرزەوە دەروونی تێك دەچێت و تەقە لە تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی دەكا و دەبانكوژێت، دوای ئەوە خۆشی دەكوژێت، بەڵام راستییەكە چییە؟

شەوی رابردوو هەواڵی رووداوەكە تەواوی بەسرە و عێراقی هەژاند، كاتێك باوكێك خۆی و تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی كوشت، لەو ساتەوە چیڕۆكی جیاواز لەبارەی رووداوەكە باس دەكرێن، لەوانە لێكۆڵینەوە فەرمییەكان، كە باسی ئەوە دەكەن ئەو كەسە كە ناوی عەباس عیسایە، لە ماڵەكەی لە گەڕەكی فەرمانبەران لە شارۆكەی شەتولعەرەب لە بەسرە، هەستاوە بە كوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی، هۆكارەكەش خراپیی باری دارایی و قەرزداریی ئەو كەسە بووە، واتە تاوانەكە خۆی ئەنجامی داوە.

كەسوكاری ئەو پیاوە قسەی تر دەكەن و پێیان وایە ناڕوونییەك لە رووداوەكە و چیڕۆكە فەرمییەكەدا هەیە، چونكە ئەو كەسە نە كحول و نە مادەی هۆشبەر بەكار دێنێت و هیچ كێشەی نەبووە و كەسێكی هەبوون بووە و قەرزدار نەبووە، بۆیە گومان لە چیڕۆكی لایەنە تەناهییەكان دەكەن، ئەو بەڵێندەر بووە.

پۆلیس دەڵێت، ئەو كەسە كە لەدایكبووی 1973یە، بەڵێندەر بووە و كێشەی دارایی هەبووە و دوو ملیار دینار قەرزدار بووە، ئەو پارەی داوەتە كەسێك و ئەویش پارەكەی بردووە و خۆی ون كردووە، ئەو خاوەنی دوو هاوسەرە، بچووكەكەی سوورییە، كە ماوە، تاوانەكە لە ماڵی ژنەكەیتری رووی داوە، بەر لە رووداوەكە نامەیەكی بۆ هاوڕێیەكی جێ هێشتووە كە ئاگەداری ژنە سوورییەكەی بێت و بیگەڕێنێتەوە وڵاتەكەی. 

كێشەكە لێرە كۆتای نەهاتووە، كەسوكاری و زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن ئەو كەسە دەوڵەمەند بووە و كەسێكی دیندار بووە، خاوەنی موڵكوماڵ و چەند خانووێك بووە، ئەو گولەیەكی بەر پشتی كەوتووە، هێزە تەناهییەكانیش هاوڕێیەكی نزیكی ئەو كەسەیان گرتووە، كە زانیاری لەبارەی رووداوەكە بە پۆلیس داوە و باسی ئەوەی كردووە ئاگەداری ژنە سوورییەكەی بێت و بیباتەوە بۆ سووریا، جیا لەوانە لە ماڵەكە زێڕێكی زۆر دۆزراوەتەوە، خاوەن دوو ئۆتۆمبێل بووە، خانووەكەشی بای زیاتر لە 800 ملیۆن دینار بووە. 

قوربانیانی رووداوەكە بریتی بوون لە هاوسەری یەكەمی ئەو پیاوە و منداڵەكانی، كە كچێكی هاوسەرگیری كردووە و خۆی منداڵەكانی بەر كەوتوون، كەسوكارەكەی دەڵێن نەمانزانیوە قەرزدارە و كەسێكی ناسراوە و دۆخی دارایی زۆر باشە، قاسەیەكی لە ماڵەكەی دەرهێنراوە كە بڕێكی زۆر پارە و زێڕی تیادا بووە، خاوەنی ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل 2023یە و هاوسەرەكەشی ئۆتۆمبێلی هەیە، بەهای خانووەكەی لە سەرووی 800 ملیۆن دینارە و هاوسەری دووەمیشی خانووی خۆی هەیە، بۆیە ئەگەر قەرزدار بوایە دەیتوانی هەموو ئەوانە بفرۆشێت و قەرزەكانی بداتەوە.

بەپێی هەندێك زانیاری تر عەباس لە بواری بەڵێندەرایەتیی دروستكردنی خانوو كاری كردووە، پارەی پێشوەختە لەوانە وەرگرتووە كە خانوویان بۆ دروست دەكات، ئەو بەو پارەیە لەگەڵ خاوەن عەقاراتێك بووەتە هاوبەش لە كڕینی عەقارات، پارەكەی لای ئەو كەسە گەیشتووەتە ملیارێك و 200 ملیۆن دینار، بەڵام ئەو هاوبەشەی عەباس بە پارەكەوە ون بووە و ئێستە پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێن، هاوكات ئەوانەی پارەیان لای عەباسە، ئەوانیش داوای پارەی خۆیان دەكەنەوە، لەوانە كەسێك كە داوای 60 ملیۆن دینار دەكات.     

شتێكی تری سەیر لە چیڕۆكەكە كە باس دەكرێت هاوڕێیەكی عەباسە، كە باسی ئەوە دەكات بەر لە ئەنجامدانی تاوانەكە پێوەندیی پێوە كردووە و گوتوویەتی كە بەهۆی قەرزدارییەوە ئەندامانی خێزانەكەی و خۆشی دەكوژێت، وەسیەتی كردووە كە هاوسەرەكەی تری بۆ سووریا بگەڕێنێتەوە، كە ئێستە لە خانووی خۆیەتی، ئەو هاوڕێیەی عەباسیش گیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

یەكێك لە بابەتانەی گومانی دروست كردووە، چەند گولەیەك لە پشتەوە لە عەباس دراون، بۆیە ئەگەر خۆی كوشتبێت، چۆن توانیویەتی لە پشتەوە گولە لە خۆی بدات، كە زەحمەتە، دوای ئەوە ژمارەی قەوانەكانی لە شوێنی تاوانەكە كەوتووە زیاتر لە 30 دەبێت، كە مەخزەنی كلاشینكۆڤ 30 گولە دەگرێت، بۆیە لەوانەیە پێویستی بە مەخزەنێكی تر هەبووە بۆ تەواوكردنی كارەكەی، ئەوەش جێی پرسیارە، بۆیە پرسیارێكی زۆر هەن پێویستە بەڵگەی تاوانەكان و پزیشكی داد و تیمی لێكۆڵینەوە وەڵامی بدەنەوە، بۆ ئەوەی راستی رووداوەكەی بەسرە بێتە دەرخستن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل