پێشمەرگە چەكی بەكارهێنا و چەندان عەرەبی راونا

:: AM:10:31:10/05/2024 ‌
لە بەیانیی ئەمڕۆوە دۆخی سەرگەڕان بە تەواوەتی تێكچووە، بەهۆیەوە ئەگەری پێكدادان لە نێوان كوردی خاوەن خاک و عەرەبی هاوردە هەیە و تا ئێستەیش دوو كورد لەلایەن سوپالایەنگرەکەی عێراقەوە گیراون.

ئەمڕۆ هەینی 10ـی ئایار، پەیامێنری "وشە" لە سەرگەڕان پێی‌ راگەیاندین، لە بەیانیی ئەمڕۆ هەینییەوە، دۆخی سەرگەڕان بە تەواوەتی تێكچووە و ئەگەری شەڕ و پێكهەڵپژان هەیە.

زیاتر گوتی، ماوەی چەند رۆژێكە عەرەبە هاوردەكان لە سەرگەڕان هاتوونەتە سەر چەند ماڵێكی كورد، و لە نزیکیان خێوەتیان هەڵداوە، بەهاوکاریی سوپا رێگە نادەن کوردەکان دروێنەی گەنمەکەیان بکەن، هاوكات جووتیارانی كورد هەڕەشەی ڕاونان و تێکدانی خێوەتی عەرەبە هاوردەكان دەكەن.

باسی لەوەش كرد، لەم پرسە سوپای عێراق بێلایەنیی خۆی نەپاراستووە و دوو جووتیاری كوردی گرتووە، ئەوەیش هێندەی تر دۆخەكەی تێكداوە و کوردەکان بێزارن لەو ستەمە بەردەوامەی سوپا.

لە لایەکی ترەوە لە گوندی پەلکانەیش دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە نێوان جووتیارانی كورد و عەرەبە هاوردەكان هەیە، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی چەند رۆژێکە لە نێوانیان هەیە و هاوردەکان نایەڵن جووتیارانی کورد دەڕاسە ببەنە ناو زەوییەکانیان.

ماوەی 20 رۆژە عەرەبە هاوردەكان لە سنووری گوندەكانی بیبانی و شارەدێی سەرگەڕان، گەڕێكی تری گێچەڵیان بە هاوكاریی سوپای عێراق، دژی جووتیارە كوردەكان دەست پێ كردبوو بۆ ئەوەی دروێنەی گەنمەكانیان نەكەن، یان ئەوانەی كردبوویان بازگەى سوپا رێگەی نەدەدا بیگوازنەوە سایلۆ.

ئەم ستەمەی عەرەب و سوپا لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە بە چڕی سەری هەڵداوە و ساڵانە لە كاتی پێگەیینی بەرهەم، دەكەونە هێرش و پەلاماردانی جووتیارانی كورد و ئەوانیش جوامێرانە ڕاویان دەنێن و خاكی كوردستان دەپارێزن.


وشە - رامیار جەواد